کەمپەینی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبات

13:37 - 21 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: \"کەمپەینی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان\" کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەبەردەم نووسینگەی پارلمان لە شاری سلێمانی رێک دەخات.

سەبری بەهمەنی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٢١ی رێبەندان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەلایەن کەمپەینی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی مەحکووم کردنی زەخت و گوشار بۆسەر زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان و هەروەها ئیدانەی دەستبەسەر کردنی بەربڵاوی چالاکانی خوێندکاری و رۆژنامەنووسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەبات.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەیاننامەیەک لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو کۆبوونەوەیە روو لە رێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەخوێندرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە داوای لەسەرجەم حیزب و رێکخراو، چالاکانی مەدەنی، رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن، کرد کە بۆ پشتیوانی کردن لە سەرجەم زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا بکەن.