سەردەشت؛ ٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی مەلا ئەبووبەکر یووسفی و یوونس مووساپوور و بێهەواڵی لە چارەنووسیان

16:47 - 17 پووشپەڕ 2726

١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ بە تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی «نەڵاس» بە ناوەکانی «مەلا ئەبووبەکر یووسفی» و «یوونس مووساپوور» لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان دوای گواستنەوەیان بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ لەبەر دەستدا نییە و وڵامنەدانەوەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، نیگەرانیی کەسوکاریانی لەسەر چارەنووسی ئەوان بەتەواوی زیاد کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ئێوارەی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپا بە شێوەیەکی چەکدارانە و بەربڵاو هێرشیان کردە سەر خانەباخێکی بنەماڵەیەک لە شاری «نەڵاس»ی سەر بە ڕەبەت لە شاری سەردەشت و وێڕای تەقەکردنی بەربڵاو لەم خانەباخە، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی «مەلا ئەبووبەکر یووسفی» (ناسراو بە مەلا ئەبووبەکری هەڵوێ) کوڕی حاجی ئەحمەد و «یوونس مووساپوور»یان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کردووە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپای ورمێیان ڕاگواستوون. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە؛ «مەلا ئەبەوبەکر یووسفی» (ناسراو بە مەلا ئەبووبەکری هەڵوێ) کوڕی حاجی ئەحمەد، مامۆستای ئایینیی مزگەوتی «حەزرەتی ئیبراهیم»ی نەڵاسە و لەگەڵ «یوونس مووساپوور» خزمایەتیی نزیکیان هەیە. ئەم دوو کەسە لە خانەباخەکەی خۆیاندا بوون کە هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپا بە بیانووی «هەبوونی هێزەکانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان» هێرشیان کردووەتە سەر ئەم خانەباخە و دوای گەمارۆدانی، سەرەتا دەستیان بە دەستڕێژی بەربڵاو کردووە؛ بە جۆرێک کە ئەو وێنانەی گەیشتوونەتە دەست کوردپا، شوێنەواری تەقەکان لە دەرەوە بۆ ناو ئەم خانەباخەکە بەڕوونی نیشان دەدەن. پاشان کاتێک هێزەکانی سپا زانیویانە کە هیچ هێزێکی حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لەوێدا نییە، چوونەتە ناو خانەباخەکە و ئەم دوو هاووڵاتییەیان لە ناو ماڵی خۆیاندا، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکار و تۆمەتەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە نادیارە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەوان لە مافی هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراون و سەرەڕای بەدواداچوونی بەربڵاوی بنەماڵەکانیان، هیچ چەشنە وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.