مەهاباد؛ ئازادبوونی شلێر مام‌قادری دوای ٣ مانگ بە دانانی بارمتەی ١٥ میلیاردی؛ دایکی تووشبوو بە شێرپەنجە کە بە توندی ئەشکەنجە دراوە

17:39 - 17 پووشپەڕ 2726

١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ «شلێر مام‌قادری» ژنی لاوی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی مەهاباد، دایکی سەرپەرستی دوو منداڵ و تووشبوو بە شێرپەنجە کە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا خرابووە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونییەوە، دوای سێ مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی قورسی ١٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندینخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی سێشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، «شلێر مام قادری» دوای ٩١ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و بەرگەگرتنی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی توند لە ماوەی دەسبەسەرکردن و لێکۆڵینەوەدا، بە دانانی بارمتەی ١٥ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی،  هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

کوردپا پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٥دا، لە چل‌ودووهەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «شلێر مام‌قادری» باسی لەوە کردبووکە بەتوندی خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ئەم ئەشکەنجانە بوونەتە هۆی شکان و خوێنڕێژی؛ بە جۆرێک کە هێزە ئەمنییەتییەکان ناچار بوون لەژێر چاوەدێریی توندی ئەمنییەتیدا بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە تا نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.

هەروەها کوردپا لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥دا، هاوکات لەگەڵ بیست‌وسێهەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەودا باسی لە بێبەشکردنی «شلێر مام‌قادری» لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و ئەشکەنجەی توندی جەستەیی کردبوو. ئەو لە بەندیخانەی ورمێدا ڕاگیرابوو و ڕەوتی بێبەشکردنی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ منداڵەکانی بەردەوام بوو. بە سەرنجدان بە تووشبوونی بە شێرپەنجەی مەمک، نیگەرانیی جیددیی لەسەر دۆخی جەستەیی ئەو هەبوو، بەتایبەت کە لە دۆخی نەخۆشیدا، لە گرتنگە ئەمنییەتییەکاندا خرابووە ژێر ئەشکەنجەوە.

«شلێر مام‌قادری» کە لە ڕێبەندانی ١٤٠٤ـەوە تا ئێستا لە دوو قۆناغدا دەسبەسەر کراوە، تووشبووی شێرپەنجەی مەمکە و سەرپەرستی دوو کچەکەی خۆیەتی کە یەکێکیان ساوایە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەر دوو قۆناغی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دەرمان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و منداڵەکانی بێ سەرپەرست ماونەتەوە. ئەو لە ماوەی دەسبەسەرکرانەکانیدا تەنیا پەیوەندیگەلێکی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە.

کوردپا لە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥دا، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا باسی لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ناوبراو لە هەژدەیەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانیدا هەوکردبوو و نووسیبووی کە چارەنووسی ناوبراو بە شێوەی ڕەها نادیارە و لە شوێنێکی نادیار لە ورمێدا ڕاگیراوە.

«شلێر مام‌قادری» بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، لە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ئەمە دووهەمین دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ناوبراو لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بوو.

شلێر پێشتر لە نیوەشەوی ١٢ی ڕێبەندانی١٤٠٤دا، لەلایەن دەیان هێزی ئەمنییەتیی چەکدارەوە کە دەسبەسەر کرا کە بە شکاندنی دەرگای ماڵەکەی و لەگەڵ توندوتیژی، هەڕەشە و جنێودان چووبوونە ناو ماڵەکەی؛ بە جۆرێک کە تەنانەت دەرفەتی لەبەرکردنی جلی گونجاویشیان پێ نەدابوو. ئەو لەو کاتەدا بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد گوازرابووەوە و لە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا دوای دانانی بارمتەی دوو میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا و هێشتاش پێویستی بە بەردەوامیی چارەسەری بوو. لەو دەسبەسەرکرانەشدا ئەو لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکانی بێبەش بوو و تەنیا دوو پەیوەندیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبوو.

ئەم دەسبەسەرکردنانە لە کاتێکدا بوون کە «شلێر مام‌قادری» زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵ شێرپەنجەی مەمکدا شەڕ دەکات و خەریکی شیمی دەرمانییە و پێویستی بە خواردنی بەردەوامی دەرمان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەر دوو قۆناغی دەسبەسەرکرانیدا ڕێگەی پێ نەدراوە کە دەرمانەکانی لەگەڵ بن.

«شلێر مام‌قادری» لە ڕێگەی خاوێنکردنەوەی ماڵانەوە، تێچووی ژیانی خۆی و منداڵەکانی دابین دەکرد. ئێستا بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی ئەو، منداڵەکانی بێ سەرپەرست هێشتووەتەوە و نیگەرانییەکان بەرانبەر بە دۆخی ئەوان زیادی کردووە.