بۆجنوورد؛ ٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی داریووش بیدەکی، لاوی تەمەن ١٨ ساڵی کوردی کرمانج
١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، «داریووش بیدەکی» لاوی تەمەن ١٨ ساڵی کوردی کرمانجی خەڵکی بۆجنوورد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و دوای گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، کەسانێک پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و ڕایانگەیاندووە کە بەم زووانە دادگاییکردنی بەڕێوە دەچێت و سزای بەندکردنی بەسەردا دەسەپێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥، «داریووش بیدەکی» لاوی تەمەن ١٨ ساڵی کوردی کرمانجی خەڵکی بۆجنوورد، سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ئەمڕۆ ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، دوای سێ ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووسی ئەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵە، کەسانێک پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگا و دەرچوونی سزای بەندکردنیان پێداون.
کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە سەرنجدان بە پێشینەی هەڕەشە و گوشار بۆ سەر بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان، ڕایدەگەیەنێت کە ئەم جۆرە پەیوەندییانە لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکردن و لێکۆڵینەوەی کەسەکاندا، لە چەندین حاڵەتدا ڕووی داوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەم شێوازە بۆ ترساندن و هەڕەشەکردن لە کەسوکاری دەسبەسەرکراوان بەکار دەهێنن.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.