کەمپەینی "هاودڵیی کوردستان" لە سنە دەستی بە کارەکانی کرد

12:24 - 6 خاکەلێوه 2720

کەمپەینی "هاودڵیی کوردستان" بە هاوکاریی چەند لایەنی مەدەنی و ئایینی شاری سنە دامەزرا و لە هەنگاوی یەکەمدا بەشێوەی مەجازی و لە تەواوی ناوچەی زاگرۆس‌نشینان دەستی بە کارەکانی کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەم کەمپەینە بەم چەشنەیە:

بەناوی خودای ئازادی و دادپەروەری

هەرچەندە قاڵبووی بەندی دەورانین

ئێستا بە گشتیی دیلی بەندانین

بەڵام  ڕۆژگاری ژیان دێتەوە

تەمی ئەم دەورەش دەڕەوێتەوە

 خەڵکی خۆشەویستی کوردستان

هاونیشتمانییانی ئازیز، هەروا کە ئاگادارن ؛ دیسانەوە ناهومێدییەکی تر وەکوو باران بەسەر خەڵکەکەماندا دەبارێ، ناهومێدییەکیکە بەداخەوە چەندین کەس لە خوشک و برا هاووڵاتییانمانی خستووەتە بەر شاڵاوی بێڕوحمی خۆی و زۆرێک لەبنەماڵەکان کۆسکەوتووی کەسوکاریان بوون و چەن سەد کەس تری لە نەخۆشخانەکان تووش کردووە و ئەم ڕێژە تا ئێستاکە ڕووی لە زۆرتربوونە.

 ئەگەر زوو بە خۆماندا نەینەوە و نەجووڵێینەوە کارەساتێکی دیکە بەسەرماندا دەسەپێت، بۆیە دیسانەوە بۆ پێشگرتن لە هاتنە ئارای کارەسات پێویستمان بە ئیرادەی لە پسان نەهاتووی خەڵکی کوردە.

لەم ماوەیەدا ئەم ئیرادەمانە لە ئاوێنەی ئەو دوکتور و پەرەستارانەمان بینی کە گیانیان لەسەر دەستی خۆیاندا گرت و لەگەڵ سوێندەکەیان پەیمانیان نوێ کردەوە. بەداخەوە کەموکۆڕی پێداویستیی پزیشکی و پێداویستیی تەندروستی، یارمەتیدەری پەرەسەندنی نەخۆشینەکە بوو و بەداخەوە هەندێک لەم دۆستانەمان لە ڕێبازی خزمەتی مرۆییانە لەدەست دا. گیانبازی ئەم کەسانە زۆرتر خەڵک هان دەدات بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و بەفیڕۆ نەچوونی ماندوویەتی ئەم هەڤاڵانە.

بۆ پارێزگاری لە گیانی خۆمان و خۆشەویستانمان تەنیا ئەوەندە بەس کە بۆ ماوەیەک بەوە قەناعەت بکەین لە ماڵەکانماندا بمێنینەوە. دابڕگەی شارەکان لە ئەستۆی لایەنە پێوەندیدارەکانە کە بەداخەوه بەهۆی کەمتەرخەمییان دەکەوێتە ئەستۆی  لایەنە مەدەنییەکان کە خۆبەخشانە خزمەت بە نەتەوەکەیان دەکەن.

بۆ هاندانی خەڵک بە دابڕگەی خۆیان و بنەماڵەیان، هەوڵماندا بە رێکخستنی کەمپەینێکی یەکڕیزانە بەناوی هاودڵیی کوردستان.

ئامانج لەم کەمپەینە:

ـ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئەو بنەماڵانە کە بە هۆی دابڕگەوە توانایی دابینکردنی بژیوی ژیانیان لەدەست داوە.

ـ  خستنە بەرچاوی قازانجەکانی دابڕگە و لەماڵدا مانەوە و چۆڵکردنی شەقامەکان بۆ خۆ پاراستن لە هەرچەشنە پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی، لەدرێژەی پچڕانی زنجیرەی تووشبووان.

ـ داواکردن لە خاون ماڵ و خاون دووکانەکان بە هەڵسوکەوتی دلۆڤانانە و تێگەیشتووانە لەگەڵ کرێچییەکانیان بەهۆی داخستنی دووکان و بازاڕ و کەمبوونی داهاتی بنەماڵەکان.

ـ خاوێن و گەنبڕکردنی شار بە شێوەی بەردەوام لە هەرجۆر ڤایرۆس و نەخۆشینێک.

ئەم کەمپەینە بە هاوکاریی چەند لایەنی مەدەنی و ئایینی شاری سنە پێکهاتووە و لە هەنگاوی یەکەمدا بەشێوەی مەجازی و لە تەواوی ناوچەی زاگرۆس‌نشینان دەست پێدەکات و پاشان هەنگاوەکانی بۆ بەکردەوە کردنی ئامانجەکانی دەگوازرێتەوە.

بۆ بەدی هاتنی ئامانجەکانی کەمپەینی ''هاودڵیی کوردستان'' بە هاوکاری دامەزراوەی پاڵپشتی لە منداڵانی بێ سەرپەرەستی «هانای پاکانی وڵات» لە شاری سنە، یارمەتییەکانی خەڵکی دڵۆڤان و خۆبەخش کۆ دەکرێتەوە و لە ڕێگای ئامانجەکانمان سەرف دەکرێت.

ئەم کارە بە شێوەی ڕوون لە لایەن کەمپەینەوە بڵاو دەکرێتەوە.

ژمارە حەسێب و ژمارە کارت بە نێوی دامەزراوەی هانای پاکانی وڵات لە لایەن بانکی تەوسەعەی تەعاون

ژمارە حەسێب  270011138456281

ژمارە کارت 5029087000458029

بەوهیوایە کە بە زووترین کات ئەم هەورە ڕەشە بە کەمترین خەسارەوە لە وڵاتەکەمان بار بکات و چاومان بە شینایی بێ بەرینی ئاسمان بکەوێتەوە.