کەمپەینی مێهربانییە چووکەکان خەڵاتی شارام نازری کرد

21:06 - 16 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژی کار و چالاکی و پێشکەشکردنی خەڵاتی کەمپەینی مێهربانییە چووکەکانی شاری جوانڕۆ، بە فەرهەنگییەکان، هونەرمەندان و ژینگەدۆستان. هونەرمەندی کورد، شارام نازری لە لایەن ئەو ناوەندە فەرهەنگییەوە خەڵات کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارام نازری هونەرمەندی کورد، خەڵکی شاری کرماشان، لە لایەن کەمپەینی مێهربانییە چووکەکانی شاری جوانڕۆوە خەڵات کرا.

خەڵاتی تەندیسی مێهربانیی گەورە وەکوو نیشانەی ڕێزگرتن لە هونەری ئەو هونەرمەند کوردە، بە هۆی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی خێرخوازانەی شارام نازری، پێشکەش بەو هونەرمەندە کوردە کرا.

شارام نازاری ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی کورد لە شاری کرماشان لە دایکبووە و هەتا ئێستە ٤٠ ئاڵبوومی مۆسیقای هەیە، کە تێکەڵێک لە ئەدەبیاتی بەرگری و عیرفانییە.

ئەو هونەرمەندە کوردە، مامۆستا مۆسیقای کوردی و مقامەکانی کوردستانە و یەکەم مامۆستا گۆرانییە کورد و ئێرانییەکانە کە باڵاترین خەڵاتی فەرهەنگی دەوڵەتی فەڕانسە ناسراو بە \"شوالیە\"ی ئەدەب و هونەر وەرگرتووە.

کەمپەینی مێهربانییە چووکەکان لە شاری جوانڕۆ دامەزراوە و لە بواری فەرهەنگی و ئەدەبی لە ناوچەکانی هەورامان، شارەکانی کرماشان و جوانڕۆدا چالاکی دەکات.