بۆجنوورد؛ حەمزە ئەحمەدی ته‌راقی، لاوی کوردی کرمانج بە بەندکران، ۱۴۸ قامچی و دوورخستنەوە مەحکووم کرا

19:25 - 27 پووشپەڕ 2726

۲۷ی پووشپەڕی ۱۴۰۵؛ حەمزە ئەحمەدی ته‌راقی، لاوی کوردی کرمانجی خەڵکی بۆجنوورد کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لە دوو دۆسییەسازیی جیاوازدا لە دادگاکانی ئینقلاب و تاوانەکانی بۆجنوورد بە چوار تۆمەت، بە ۲ ساڵ بەندکرانی داسەپاو، ۱۴۸ قامچی و ساڵێک دوورخستنەوە بۆ شارستانی «زێهەک» لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان مەحکووم کراوە. ئەو لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیدا لە مافی بوونی پارێزەر بێبەش بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند: حەمزە ئەحمەدی تەراقی کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ۱۴۰۴دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، لە بانەمەڕی ۱۴۰۵دا لە دادگاکانی ئینقلاب و تاوانەکانی بۆجنوورد بەرەوڕووی دوو دۆسییەسازی بووەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕۆژی ٢ی بانەمەڕی ۱۴۰۵، لقی دووه‌می دادگای ئینقلابی بۆجنوورد بە سەرۆکایەتیی دادوەر «حوسێن ئیبراهیمی»، بە تۆمەتی «پروپاگەندە دژی نیزام» سزای ۷ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو و لێدانی ۷۴ قامچیی بەسەردا سەپاند. هەروەها دادگا بەو پاساوەی کە سزای سەرەکی بەس نییە، سزای تەواوکەری ساڵێک نیشتەجێبوونی زۆرەملێی لە شارستانی «زێهەک»ی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بۆ بڕییەوە و هۆشداری پێدا کە لە ئەگەری سەرپێچیکردن لە جێبەجێکردنی ئەم سزایە، سزاکەی قورستر دەکرێت.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد؛ لە درێژەی پرۆسەکەدا، ڕۆژی ۲۶ی بانەمەڕی ۱۴۰۵، لقی ۱۰۲ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شارستانی بۆجنوورد بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سەید مستەفا هاشمی»، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا و دۆسییە دروستکراوەکەی دوای دەسبەسەرکردنی، حەمزە ئەحمەدی تەراقیی بە چوار تۆمەت خستە ژێر بەدواداچوونی یاسایی و بە تۆمەتی «نواندنی هێز بە چەقۆ» بە ٢ساڵ بەندکرانی داسەپاو و لێدانی ۷۴ قامچی، بە تۆمەتی «شێواندنی بیروڕای گشتی و هاندان بۆ توندوتیژی لە فەزای مەجازیدا» بە ساڵێک بەندکرانی داسەپاو و بە تۆمەتی «سەرپێچیکردن لە هێزەکان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەركدا» بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرد. بەڵام بەپێی ماددەی کۆکردنەوەی سزاکان، تەنیا قورسترین سزا، واتە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو، جێبەجێ دەکرێت.

ئەم لاوە ۲۸ ساڵە کوردە پارێزەری نەبووە تا لە ماوەی ۲۰ ڕۆژدا مافی ناڕەزایەتیدەربڕین لەم حوکمانە بەکار بهێنێت.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حەمزە ئەحمەدی تەراقی لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادوەریدا لە مافی هەڵبژاردنی پارێزەر بێبەش کراوە؛ لە کاتێکدا لە دەقی دادنامەکەدا دێڕی «ئێستا ئازادە بە ناساندنی پارێزەر» نووسراوە، بەڵام لە کاردا دەرفەتی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری پێنەدراوە. هەروەها لە دۆسییەکانی دادگادا ئیدیعا کراوە کە ئەو تۆمەتەکانی قەبووڵ کردووە، لە کاتێکدا ئەو نەک هەر هیچ کام لە تۆمەتەکانی قەبووڵ نەکردووە، بەڵکوو واژۆی لەسەر هیچکام لە پەڕەکانی لێپرسینەوەکەی خۆی نەکردووە. ئەو لە دانیشتنەکانی دادگادا لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم تۆمەتانە ڕایگەیاندبوو: «فیلمی کامێراکانی چاودێریی دووکانەکەم بهێنن؛ ئەگەر چەقۆم پێبووە یان شوێنەوارێک لە هێرشکردنە سەر مەئمووران هەیە، لە سێدارەم بدەن.» سەرەڕای ئەمەش، دادگا چاوی لەم داواکارییە پۆشیوە.

حەمزە ئەحمەدی تەراقی، لاوی ۲۸ ساڵەی کوردی کرمانج، ڕۆژی ۱۵ی بەفرانباری ۱۴۰۴ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئیتلاعات و ئاسایشی گشتیی خۆراسانی باکوور، بە هێرشی ۵ بۆ ۶ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییە جلوبەرگ مەدەنی و چەکدارەکان بۆ سەر دووکانە بچووکەکەی کە شوێنی کاسبییەکەی بوو، بەبێ پێشکەشکردنی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کرا و دوای تێکدان و پشکنینی تەواوی دووکانەکە، بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

لە کاتی ئەم هێرشەدا، وێنەکانی کامێرای چاودێری و هارددیسکی تۆمارکردنی وێنەکان کە هاتنەژوورەوەی هێزە ئەمنییە چەکدارەکان و بێ حوکمی دادوەری تۆمار کردبوو، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لەلایەن مەئموورەکانەوە زەوت کرا و بردیان. ئەو لە ماوەی ڕۆژانی دەسبەسەرکردنیدا، بۆ واژۆکردنی مەلەفە دروستکراوەکان خرایە ژێر گوشار و لێپرسینەوە تا ناچار بە قەبووڵکردنی تۆمەتەکان و واژۆکردنیان بکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا بە دانانی بڕیاری بارمتە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی دوو سەنەدەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

حەمزە ئەحمەدی تەراقی، لەدایکبووی ۱۳۷۷، لە کوردانی کرمانجی خەڵکی بۆجنووردە و دووکانێکی بچووکی خواردەمەنیی هەیە. لە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر شوێنی کاسبییەکەی، کەلوپەلی دووکانەکەی زیانی جیدییان بەرکەوتووە و گوشار و هەڕەشە ئەمنییەکان دژی ئەو هێشتا بەردەوامن.

ئەو هەروەها بەدەست کێشەی بیستنەوە دەناڵێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەم دۆخە، لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا و هەروەها لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەیدا هیچ جۆرە سەرنجێک نەدراوەتە دۆخی جەستەیی و پێداویستییە تایبەتەکانی.