کەمپی ئەشرەف بۆمباران کرا/ رێژەی کوژراوەکان گەیشتە ٢٠ کەس

15:17 - 10 خەرمانان 2713
ئاژاسنی کوردپا: کەمپی ئەشرەف بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئەرتەشی وڵاتی ئیــراقەوە هێــرشی کرایە سەر.

لە شەوی رابردووەوە هەتا سەرلە بەیانی ئەمڕۆ رێکەوتی ١٠ی خەرمانان، کەمپی ئەشرەفی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێــران لە شارۆچکەی ئەشرەف لەلایەن هێزە چەکدارەکانی وڵاتی ئێــراقەوە کەوتۆتە بەر هێرش و نزیک بە ٢٠ کەسیان کوژراون.

ماڵپەڕی فەرمیی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق ژمارەی کوژراوەکانی ١٩ کەس راگەیاندووە کە ئەندامانی رێبەریی ئەو رێکخراوە لە نێوان کوژراوەکاندا دەبینرێت.

لەم هێــرشەدا کە هاوکات لەگەل ئاڵوگۆڕەکانی سووریە و سەفەری قاسم سلێمانی (فەرماندەی سپای قودسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران) بۆ وڵاتی ئێــراق هاتۆتە ئاراوە، برینـداربوونی رێـژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەو رێکخراوەی لێکەوتۆتەوە.

سەرچاوەکە باس لەوە دەکات کە چەندین کەس لە ئەندامانی رێکخراوی موجاهیدن لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ژێــر فەرمانی \"نووری مالکی\"یـەوە بە بارمتە گیراون.

دەگوترێت، رێژەیەکی بەرچاو لە کوژراوەکان پاش ئەوەی دەستبەسەر کراون، دەست و لاقیان بەسراوە و بە دەستی ئەو هێــزانە گولـلە باران کراون.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و رێکخراوەی نەتەوەی یەکگرتووەکان لە توێی پەیماننامەیەکی چوار لایەنەی نێوان وڵاتی ئێراق و دانیشتوانی کەمپی ئەشرەف، ئەمنیەتی گیانیی ئەندامانی ئەو رێکخراوەیان گەرەنتی کردبوو.

دوابەدوای راگواستنی رێکخراوی موجاهدینی خەڵق بۆ کەمپی لیبرتی لە نزیک شاری بەغدا، نزیک بە ١٠٠ کەس لە ئەندامانی ئەو رێکخراوەیە لە کەمپی ئەشرەفدا مابوونەوە کە بڕیار بوو ئەو ١٠٠ کەسەش بۆ ئەو شوێنە بگوازرێنەوە.

رێکخراوی موجاهیدن ١٠ ساڵ پێش ئێستا لە راپۆرتێکدا کە بلاوی کردەوە، بەرنامەی درێژخایەنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی ئاشکرا کرد کە دواتر گەمارۆی بەرینی نێو دەوڵەتی بەدواوە بوو.

رێکخراوی موجاهدینی خەڵق لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا ناوەندێکی شاراوەی بەرهەم هێنانی چەکی ناوکی لە نزیک تاران ئاشکرا کرد.