کەمتەرخەمیی ئیدارەی ئاوی تیکاب و هەڕەشەی جەنگەڵبانیی پیرانشار لەدانیشتوانی گوندێکی ئەو شارە

21:03 - 23 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئاو و فازڵاوی شاری تیکاب ماوەی ٢٠ ساڵە، سەرەرای وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتییان، کێشەی ئاوەڕۆی بەشیک لە گەڕەکەکانی ئەو شارەی چارەسەر نەکردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری تیکاب؛ ئیدارەی ئاوی شاری تکاب ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لەگەڵ پارەی مەسرەفیی ئاوی ماڵەکاندا، بڕە پارەیەک بە بیانووی دەرکردنی ئاوەڕۆی شارەکە وەردەگرن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەڵنگاوێک بۆ چارەسەری هەڵنەگیراوە.

ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵانی رابردوودا و تەنیا لەکاتی هەڵنژاردنی شۆراکانی شاردا دێتە بەرباس و دواتر، بەبیانووی جۆراوجۆر پشت گوێ دەخرێت و ئەمەش مەترسیی تەندروستی بۆ دانیشتوانی شاری تیکاب دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هەواڵی گەیشتوو وبە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ماوەی ٢ ساڵە ئاوایی قەبری حوسێن لە ناوچەی بەری مێرگانی پیرانشار لەلایەن ئیدارەی جەنگەڵبانییەوە پێیان رادەگەیەندرێت، کە دەبێ دەست لە بەکارهێنانی چۆماوی گوندەکە بە مەبەستی وەرزێڕی، هەڵبگرن.

لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە دانیشتوانی گوندی قەبری حوسین بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئیدارەی جەنگەڵبانی ماوە بە ماوە هەڕەشە لە دانیشتوانی گوندەکە دەکات، کەلە ئەگەری دەستهەڵنەگرتن لە ئاوی گوندەکە، بەرەوڕووی زیندانی کران و جەریمە دەبنەوە.

ئەو هاووڵاتییە گوتیشی؛ هەڕەشەی جەنگەڵبانیی پیرانشار لە کاتێکدایە، کە هاووڵاتییان رووبەرێکی بەرفراوانیان لە زەوییەکانی بەر ئەو چۆماوە کردۆتە باخ و باخات و لە ئەگەری بەکارنەهێنانی ئاوی ئەو چۆماوە، سەرجەم باخاتی گوندەکە بەرەوڕووی وشکبوون دەبنەوە.

سەرچاەوەکە ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا هاووڵاتییانی گوندی ٢٧ ماڵیی قەبری حوسین چەندین جار سکاڵایان لای لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆمار کردووە، بەلام هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.