کەمتەرخەمیی پزیشکی گیانی هاووڵاتییەکی دیکەی مەریوانی ستاند+وێنـە

15:40 - 1 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی بێ ئیمکاناتی و کەمتەرخەمیی پزیشکی لە نەخۆشخانەی بووعەلی لە شاری مەریوان، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا؛ ئەمجەد ئەمجەدی دانیشتووی شاری مەریوان، کە لە نەخۆشخانەی (بووعەلی)ی شاری مەریوان خرابوویە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە، بەهۆی نەبوونی ئیمکانات و کەمتەرخەمیی پزیشکی بووە قوربانی.

ئەمجەد ئەمجەدی تەمەنی ٤٠ ساڵ، خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری مەریوان بووە، کە بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی (بووعەلی)ی مەریوان خەوێندرابوو.

\"17983.jpg\"
ئەمجەد ئەمجەدی لەئەنجامی کەمتەرخەمیی پزیشکیدا بووە قوربانی
پێشتریش لەکۆتایی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵەی مەریوانی بەناوی (ف، م) بەهۆی لێدانی خوێنی ماوە بەسەرچوو لە نەخۆشخانەی (بووعەلی)ی شاری مەریوان گیانی لەدەست دا.

دوابەدوای گیان لەدەست دانی ئەو ژنە نوێنەری خەڵکی مەریوان لە مەجلیسی ئیسلامی بە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی راگەیاندبوو؛ کێشەی کادری پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی شاری مەریوان کە لەژێر چاودیریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئوستانی کوردستان دایە شتێکی تازە نییە و رووداوی هاوشێوە ماوەی چەندین ساڵە دووپات دەبنەوە.

ئومید کەریمیان؛ بەرتیل وەرگرتنی پزیشکەکانی نەخۆشخانە، کەمیی ئیمکانات و دەوا و دەرمان لە نەخۆشخانەکانی مەریوانی بە بەشێکی بچووک لە گرفتی نەخۆشخانەکانی ئەو شارە لەقەلەم دابوو.