کەمتەرخەمیی پزیشکی نەخۆشخانەی شاری پاوە گیانی ژنێکی ٢٠ ساڵەی ستاند+وێنـە

00:31 - 15 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی خەلکی شاری نۆدشە، بەهۆی کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکیی نەخۆشخانەی شاری پاوە، گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەسرین شەبرەندی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری نۆدشە، کە چەند رۆژ پێش ئێستا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە لە نەخۆشخانەی شاری پاوە خرابوویە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوەودواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان کرا، پاش چەند کاتژمێر مانەوە لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.

بەوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی شەبرەندی، ئەسرین شەبرەندی پاش ٥ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری پاوە و لە کاتێکدا کیسەی منداڵدانەکەی دڕابوو، دوکتوری چاوەدێر بڕیار ئەدات کە منداڵەکە لە سکی دایکیدا و بە لێدانی دەرزی لەبار بەرێت.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی: پاش ئەوەی دوکتور (م. ر ) چەندین دەرزیی لە ئەستین و منداڵەکەی ناو سکی دا، باری تەندروستیی ئەسرین تێکچوو، لە کاتێکدا کەسوکاری ئەسرین خوازیاری راگوستنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی کرماشان بوونە، لەلایەن ئەو پزیشکەوە رێگرییان لێکراوە و تەنانەت گاڵتەشیان پێکراوە.

سەرچاوەکە دەشلێت: دواجار، بەهۆی کەمیی ئیمکانات و تێکچوونی لەڕادەبەدەری باری تەندروستیی ئەسرین رەوانەی نەخۆشخانەی \"ئیمام رەزا\"ی کرماشان کرا و پاش چەند کاتژمێر مانەوە لە نەخۆشخانەی کرماشان گیانی لەدەست دا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەسرین سکی ٥ مانگە بووەو لە ماوەی ئەو ٥ رۆژەی کە لە نەخۆشخانەی شاری پاوە لەژێر چاوەدێریدا بوو، رۆژ لە دوای رۆژ باری تەندروستییەکەی بەرەو خراپ‌تر بوون دەچوو، بەڵام پزیشکی ناوبراو جگە لە دەرزێ لێدان هیچ کارێکی دیکەی بۆ باش بوونی باری تەندروستیی ئەسرن نەکرد.

\"18161.jpg\"
ئەسرین شەبرەندی،بەهۆی کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکیی نەخۆشخانەی شاری پاوە، گیانی لەدەست دا
دەگوترێت، یەکەم لێژنەی کارناسانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان پزیشکی نەخۆشخانەی شاری پاوە بە ناوی \"م. ر\" بە هۆکاری مردنی ئەسرین لە قەڵەم ئەدەن.

بنەماڵە و هاوسەری ئەسرین سکاڵایان لەسەر \"م. ر\" پزیشکی نەخۆشخانەی شاری پاوە تۆمار کردووەو خوازیاری بەدواداچوونی یاسایی لەمەڕ پەروەندەی گیان لەدەست دانی ئەو ژنە تەمەن ٢٠ ساڵەیە بوون، بەڵام هەتا ئێستا لێپرسینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەیە نەکراوە.

زۆربەی هاووڵاتییان لەو باوەڕەدان، کە پزیشکی زۆربەی نەخۆشخانەکان ئەزموونێکی ئەوتۆیان لە بواری پزیشکییەدا نییە و بەهۆی پلانی هەڵە وەزارەت بێهداشت و زانست، نەخۆشخانەکان بە کەمترین کادری دەرمانی و پزیشکی پشپۆڕەوە کار دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، بوون بە پزیشک لە کۆمەڵگەدا بووە بە ئاواتی زۆربەی دایک و باوکان و تەنانەت رەخنە گرتن لە ئاکاری پزیشک وەکوو بڤەی لێهاتووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە لە رەهەندی داهات و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە پزیشکان لە ئاستێکی بەرزدان، بە وتەی هاووڵاتییان زۆربەی پزیشکان پێ حورمەتی بە نەخۆش و هاووڵاتییان دەکەن.
\"18164.jpg\"