کەمتەرخەمیی شارەوانیی سەقز، هاووڵاتییانی بەرەوڕووی گرفت کردۆتەوە

13:29 - 25 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: کەمتەرخەمیی ئەندامانی شۆرا و شارەوانیی سەقز، کێشە و گرفتی بۆ هاووڵاتییانی شاری سەقز دروست کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زۆربەی شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری سەقز بەرەوڕووی کەمتەرخەمیی شارەوانیی ئەو شارە بوونەتەوە و لە ماوەی ئەمساڵدا هیچ خزمەتگوزارییەک ئەنجام نەدراوە و هاووڵاتییان لەگەڵ کێشەی هاتوچۆ بەرەوڕوو بوونەتەوە.

\"11081.jpg\"
سەرچاوەیەک لە شاری سەقز بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کە شەقامەکانی \"٣٢ میتری\"، \"ئوستاد شیرازی\" و \"بلواری بەهەشتی\" و تووشی رۆچوون بوونەتەوە و لە ئەنجامدا ئاوێکی زۆر پەنگی خواردۆتەوە و سەرەڕای بەدواداچوونی هاووڵاتییان، لەلایەن شارەوانییەوە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە زۆر جار هاووڵاتییان بە ماشێنەوە بەهۆی ئاوی پەنگ خواردووی سەر شەقامەکان تووشی گرفت دەبنەوە و بە چەندین کاتژمێر لە نێو ئەو ئاوانەدا گیر دەکەن و دەمێننەوە.

هاوکات خراپ بوونی ئەو شەقامانە بوەتە هۆی دروست بوونی کێشەی ترافیکی لە شاری سەقز و هاووڵاتییان زۆربەی کاتەکان لە نێو ترافیکدا دەمێننەوە.

\"11082.jpg\"
ماوەیەک پێش ئێستا پردی هەوایی شاری سەقز بە مەبەستی نۆژەن کردنەوە لەلایەن شارەوانیی ئەو شارەوە تێک درا، کە دواتر بە هۆی رەچاو نەکردنی یاساکانی ئەندازیاریی، تووشی هەرەس هێنان هاتووه و زۆربەی دیوارەکانی قەڵەشیان بەستووە کە ئەم رووداوە ناڕەزایەتی و گلەیی و گازەندی هاووڵاتییان و به تایبەت شۆفێڕانی شارەکەی لێ کەوتوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی لێكۆڵینه‌وه‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌ان، ده‌ركه‌وتووه كه پاشماوه‌ی زبڵ و زێرابی فازڵاو و ئاوه‌ڕۆی شارۆچكه‌ی پیشه‌سازیی سه‌قز، یه‌كێك له گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌كانی به‌رده‌م پیس بوونی سه‌رچاوه‌ئاوییەکانی ئەو شارەن و ئه‌مه وه‌ك مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر تەندروستیی دانیشتوانی ئه‌م ناوچه و به تایبه‌ت وه‌رزێر و جووتیاره‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره چاوی لێ دەكرێت کە هەتا ئێستا هیچ لایەنێک خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.