کەمتەرخەمیی بەرپرسانی وەرزشی لە ئێران، بووەتە هۆی دڵساردیی وەرزشوانان

15:36 - 17 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش کۆچ کردنی دوو وەرزشوانی بواری ژیمناستیک لە ئێران، و کەمساردیی بەرپرسان لەمەڕ هۆکاری کۆچی ئەم دوو وەرزشوانە، دوو وەرزشکاری دیکەی بواری ژیمناستیک بۆ وڵاتی ئۆتریش کۆچیان کردووە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی \"مێهر\" بڵاوی کردووەتەوە کە؛ ئەگەرچی وەرزشی ژیمناستیک لە وەرزشە بناغەییەکان بە ئەژمار دێت، بەڵام لە ئێراندا هیچ بایەخێکی پێ نادرێت و تا ڕادەیەکی زۆر بێسەروبەرەیی و شێواویی تێدا بەدی دەکرێت.

ژیمناستیکی ئێران بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دوایی‌دا، زۆر بە ڵاوازی دەرکەوتووە و لە لایەن بەرپرسانیی وەرزشیەوە بایەخی ئەوتۆی پێ‌نەدراوە.
ئەم کەم تەرخەمیانە لە کاتێکدا بووە کە، ئەگەر بە وەرزشوانانی ئەم بەشە بایەخ بدرایە توانایی بەشداری لە کێبڕکێکانی ئاسیایی و تەنانەت جیهانیی و ئۆلەمپیکیشیان دەبوو، بەڵام ئێستا لە دۆخی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵاتدا خۆیان دەبیننەوە و لە وڵاتی خۆیان و بەرپرسانی خۆیان بە ئاستی بێ‌هیوایی گەیشتوون.

ماوەیەک لەوەپێش، \"ئەمین ئەرباب\" و \"مۆژگان تاجیک\" دوو وەرزشوانی بەشی ژیمناستیک لە ئێران، بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کرد و ئێستاش، هەواڵی کۆچی دوو وەرزشوانی دیکەی ژیمناستیک کار بە ناوی\" ڕزا فەخریان\" و \"عەلی ئاروجی\" بۆ وڵاتی ئۆتریش، بووەتە سەردێڕی هەواڵەکان و هیچ کەسێکیش بەرپرسایەتیی دڵساردیی ئەم دەگمەن وەرزشوانانە لە وڵاتدا بە ئەستۆ ناگرێت.

ئەم ڕووداوە وەرزشییانە لە وڵاتی ئێران‌ لە کاتێکدایە کە، حکوومەتی ئێران بۆ بەشداری لە شەڕی سووریە و عێراق‌ ‌و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکەدا و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی وڵات، لە هیچ شتێک کۆتایی ناکات، بەڵام بۆ پەرەپێدان بە وەرزشی وڵات هیچ پلانێکی داڕێژراویان بۆ وەڵام دانەوە بە داواخوازییەکانی وەرزشوانان نییە.