کەمتەرخەمیی بەرپرسان هۆڵە وەرزشییەکانی شاری نۆدشەی بەرەوڕووی داخران کردۆتەوە

13:30 - 30 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بۆ هۆی خراپی و بێ ئیمکاناتیی هۆڵە وەرزشییەکان شاری نۆدشە بەرەوڕووی داخران بوونەتەوە و سەرجەم رشتە وەرزشییەکانی ئەو شارە بەرەو لاوازی دەچن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: هۆڵە وەرزشییەکانی شاری نۆدشە، بەهۆی خراپی و دوور بوون لە ناوشار و نەبوونی ئیمکاناتی گواستنەوە، بەرەوڕووی داخران بوونەتەوە و زیاتر لە ٢ ساڵە هاووڵاتییان و ەرزشوانانی ئەو شارە روویان لە شوێنە وەرزشییەکان نەکردووە.

سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن یەکێک لەو شوێنە وەرزشییانە سەرەڕای دوور بوونی لە ناو شار بە شێوەی نێوەچڵی ماوەتەوە و هیچکام لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەمەڕ تەکمیل کردنی خۆیان بە بەرپرسیار نازانن.

یەکێکی دیکە لەو شوێنە وەرزشییانە سەرەرای ئەوە کە بە مەودای چەند کیلۆمیتر لە ناو شار دوورە، هەتا ئێستا جادەکەی قیرتاو نەکراوە و لەگەڵ دەستپێکی وەرزی باران دەبێتە قور و چڵپاو وهاتوچۆ تێدا مومکین نییە.

\"10797.jpg\"
ساڵی رابردوو \"یۆسفی\" بەخشداری نەوسوود لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستەڕوو: لەگەڵ ئەوەیکە ئەم شارە ٢ هۆڵی وەرزشیی سەرداپۆشراوی تێدایە، کە بە هۆی کۆن بوون و هەڵکەوتەی تایبەتی، هیچکام لەو هۆڵانە وەڵامدەری ویستی وەرزشوانان و هاوولاتیان نین.

یۆسفی ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە ٢ ساڵە لە هەوڵی ئەوە داین کە یەکێک لەو هۆڵانە بۆ وەرزش کردنی هاووڵاتییان وەرزشوانان تەکمیل بکرێت، بەڵام هەتا ئێستا ئەو هەوڵە بێ ئاکام ماوەتەوە و دیار نییە چ کاتێک کەڵکی بۆ وەرزشوانان دەبێت.

شاری نۆدشە بە زیاتر لە ٥ هەزار کەس حەشیمەتەوە دەکەوێتە سەر پارێزگای کرماشان، ئەوەش لە کتێک دایە بەو حەشیمەتەوە شوێنی فوتساڵ، والیباڵ و بەسکێباڵی تێدا نیە و ئەو رشتە وەرزشییانە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو لاواز بوون دەچن.