کەمتەرخەمی بووە هۆی برینداربوونی راوچییەکی ناوچەی کامیاران

19:55 - 26 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: راوچییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی کامیاران بەهۆی پێکانەوە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان خراوەتە ژێر چاوەدێری پزیشکییەوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢٥ی رەشەمە، راوچییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی \"مێرگەسار\"ی کامیاران لە کاتی راوکردن‌دا و بە هۆی کەمتەرخەمی‌یەوە پێکرا.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو رووداوە کاتێک هاتە ئاراوە کە رەزا حاتەمی کوڕی \"یارە\" بە مەبەستی راوەکەو رووی لە شاخەکانی دەوروووبەر کردووە و بە هۆی کەمتەرخەمییەوە گوللەکە بەر خۆی کەوتووە و پێکراوە.

ناوبراو لە درێژەدا رایگەیاند؛ بە هۆی بەرکەوتنی گوللەوە دەستی ئەو راوچییە کوردە بە توندی بریندار بووە و هەنووکە لە بەشی \"ئای سی یو\"ی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان لە ژێر چاوەدێریدایە.

هەوروەها بە پێی راپۆرتێک کەلە شاری سەقزەوە هاتووە، گورگێک لە یەکێک کێڵگەکانی نزیک جاددەی سەقز - بۆکان، بە هۆی گوللەی راوچییەکانەوە کوژراوە.

بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە هۆی دانی مۆڵەتی چەکی راو لە ناوچەی سەقز، ئاژەڵەکانی ئەو ناوچەیە بەرەوڕووی مەترسیی لەناوچوون بوونەتەوە و لە دەشت و شاخەکانی ئەو شارە بە دەگمەن ئاژەڵ یان باڵەندەیەک دەبیندرێت.

بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، شەپۆلێکی بەربڵاوی \"شکاندنی ذڵخوازانەی چەک\" لە لایەن راوچیەی کوردەکانەوە لە شارەکانی مەریوان، کامیاران،دێهلۆران، نەغەدە، ئیلام ، ئیلام، جوانڕۆ و ... دەنگدانەوەی میدیایی لێکەوتەوە و کارناسانی بواری ژینگەپارێزی بە ئاشتبوونەوەی راوچییەکان لەگەڵ سروشت و ژینگەی ئاژەڵییان ناودێریان کردووە.