کەمتەر خەمیی بەرپرسان لەمەڕ قوتابییان و قوتابخانەکان بەردەوامە

13:06 - 9 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: قوتابیانی یەکیک لە قوتابخانەکانی شاری بانە بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە ناو پۆلەکەیاندا، لە کارگەی ئەو قوتابخانەیە دا وانەکانیان دەخوێنن.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابیانی یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەی دواناوەندیی \"سلێمان خاتر\" لە شاری بانە ماوەی زیاتر لە ١ مانگە بە هۆی نەبوونی پەنجەرە لە پۆلەکەیان دا لە ناو کارگەی ئەو قوتابخانەیە وانەیان پێ دەوترێتەوە.
\"10459.jpg\"
سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ماوەی زیاتر لە ١ مانگ پێش ئێستا بەمەبەستی گۆڕین و نۆژەن کردنەوە، پەنجەرەکانی ئەو قوتابخانە دەرهێنراون و هەتا ئێستا یەکێک لە پۆلەکانی ئەو قوتابخانەیە پەنجەرەی تێدا نییە و بەهۆی سەرمای لەڕادە بەدەر لە کارگەکەدا وانەیان پێ دەوترێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بینای قوتابخانەی گوندەکانی \"قەڵایەن، بنچەڵێ، بەوراوا، ملە پاڵنگانە و سریاس\"ی سەربە شاری روانسەر مەترسیی داڕمانیان لەسەرە و
\"10458.jpg\"
هەڕەشە لە گیانی قوتابیان دەکات، هەروەها قوتابیانی گوندەکانی \"قەڵایەن و ملە پاڵنگانە\" بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لە ناو مزگەوتی ئەو گوندانەدا وانەیان پێ دەوترێتەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێک دایە، کە رۆژی ١٥ی سەرماوەز بە هۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتی لە قوتابخانەی گوندی \"شیناوێ\"ی سەربە پیرانشار، ٣٧ کچە قوتابیی تەمەن ١٠ ساڵ تووشی رووداوی ئاگر بوون و هەتا ئێستا ٢ کچە قوتابیی ئەو رووداوە گیانیان لە دەست داوە.