کەماڵ قویتاسی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا

11:15 - 8 جۆزەردان 2722

ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کەماڵ قویتاسی" پاش بانگهێشتکردنی بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ئینقلابی شنۆ، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوو.

کەماڵ قویتاسی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٩، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەی ئەمنییەتییەکانی ورمێ کردبوو.