کەلوپەلی ١٠ کۆڵبەری کورد لە هەورامان دەستی بەسەر داگیرا

15:27 - 22 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی هەورامان دەستیان بە سەر کەلوپەلی ١٠ کۆڵبەری کورد داگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢١ گەلاوێژ، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران دەستیان بە سەر کەلوپەلی ١٠ کۆڵبەر لە ناوچەی هەورامان داگرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.

هێزە ئینتزامییەکان لە کاتێکدا دەستیان بە سەر شتومەکی ئەو کۆڵبەرانەدا گرتووە کە ئەوان هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاغیان پێی نەبووە.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێرناوی \"قاچاغچی شتومەک\" هەڵسووکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتوانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕیگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.

ئەو چین و توێژە زەحمەتکێشە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بە ناچاری بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن.