کەش و هەوای پۆلیسی، خۆکوژیی پەرەستارێکی کوردی لێکەوتەوە

21:45 - 16 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کەش و هەوای پۆلیسی و خراپیی بارودۆخی نالەباری ژیان و گوزەرانی پەرەستارانی نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە، یەکێک لە پەرەستارەکانی ئەو نەخۆشخانەیه کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ژنە پەرستارێکی کورد، لە ئەنجامی پێنەدانی پارە و پارەی ئیزافەکاری، لە لایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنەوە، خۆی کوشت.
شوناسی ئەو پەرەستارە کوردە، \"نەشمیل حوسێنی\" ڕاگەیاندراوە.

ئەو ژنە پەرەستارە، لە ڕیگای خواردنی \"حەب\"ـەوە هەوڵی خۆکوژی داوە و پاش چەند ڕۆژێک لە بێهۆشیی درێژەخایەن، ڕۆژی ڕابردوو، گیانی لە دەست دا.

دەوترێ، پاش بڵاوبوونەوەی خۆکوژیی ئەو ژنە پەرەستارە، بەرپرسانی نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە، هەوڵی سەرپۆشکردنی خۆکوژیی ناوبراویان داوە.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لە خۆکوژیی ئەو پەرەستارە کوردە بە هۆی زاڵبوونی کەش و هەوای پۆلیسی لەو نەخۆشخانەیە و پێنەدانی پارە و ئیزافەکاری، دەکەن.

لەو پەیوەندییەدا، مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، ژنە پزیشکێکی کورد لە شاری سنە بە ناوی \"ئارەزوو قوبادی\" تەمەن ٣٥ ساڵ و دایکی سێ منداڵ بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.