کەسانی گرێدراوی حکوومەت پێشیان بە بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لە مزگەوتی \"ئیسلام ئاوا\" ی ورمێ گرت

20:33 - 28 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: کەسانی سەر بە حکوومەت پێشیان بە بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لە مزگەوتی \"قودس\"ی شاڕەکی \"ئیسلام ئاوا\"ی شاری ورمێ گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی سەرماوەز، چەندین کەس لە مۆرەکانی سەر بە حکوومەت، بە داخستنی درگاکانی مزگەوتی \"قودس\"ی ئیسلام ئاوای شاری ورمێ، پێشیان بە بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لەو مزگەوتەدا گرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە هەواڵنیری کوردپا لە شاری ورمێی ڕاگەیاند: \"ئەو کەسانە بەم کارانەیان دەیانهەوێ دووبەرەکی بخەنە نێو هاووڵاتیانی ئەو شارەوە\".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: \"ئەو کەسانە لە لایەن بەرپرسان و ئیدارە حکوومەتییەکانەوە پشتگیری دەکرێن\".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، کردەوەی ئەو کەسانە نیگەرانیی لای هاووڵاتیانی کوردی ئەو گەڕەکەی شاری ورمێ دروست کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: \"خەڵکێکی زۆر لە کوردانی ئەو گەڕەکە کە بۆ بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی هاتبوونە ئەو مزگەوتە، لە پشت درگا داخراوەکاندا مانەوە\".
دەوترێت ، هێزە ئینتزامییەکان، سوپای پاسدارن و ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە شوێنی کۆبوونەوەی ئەو هاووڵاتیانە حازر بوون، بەڵام هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە بڕواپێکراوەی کوردپا، هەوڵەکانی ئە کەسانە بەمەبەستی دووبەرەکی خستنە نیو هاووڵاتیانی کورد بە پشتگیریی بەرپرسانی حکوومەتی، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی لەنیو هاووڵاتیانی کوردی شاری ورمێ بەدواوە بووە.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، مزگەوتی قودسی ئیسلام ئاوا و قوتابخانەی ئایینی سەلاحەدینی ئەیووبی، بە بەپرسایەتی مەلا ڕەزا عەبدی، ئیدارە کراوە و سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو مزگەوتەی سوننە مەزهەبەکان لە لایەن خەڵکی خێرخواز و بە کۆ کردنەوە و هاوکاریی ماڵیی هاوڵاتیانی کوردەوە بینا کراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا گوتی: \"ئەو کەسانە دەیانهەوێ بە نانەوەی دووبەرەکی، بەڕێوەبردنی مزگەوت و قوتابخانەی زانستە دینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبی بخەنە ژیر ڕکێفی ئیدارە حکوومەتییەکانەوە.