کەسانی نەناسراو لە کامیاران، هاووڵاتییەکی ٥٥ ساڵەیان کوشت

16:19 - 12 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە کامیاران، کە خاوەنی گاودارییەک بووە، بە دەستی کەسانی نەناسراو گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیوەڕۆی رۆژی رابردوو هاووڵاتییەکی کورد بەناوی (حوسێن باتمانی)، کوڕی عەلی لە گاودارییەکەی خۆی و بە زەبری چەک کوژرا.

رووداوەکە لە کاتێکدا هاتۆتە ئاراوە، کە ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٥٥ ساڵەیە، لە گاودارییەکەی خۆی لەگەڵ چەند کەسێک بە کێشە هاتووە.

گاوداریی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە، لە نێوان گوندەکانی (گومەتە) و (ئاهەنگەران)ی سەربە شاری کامیاران هەڵکەوتووە.

هەتا ئێستا، هۆکاری کوژرانی ئەو خاوەن گاودارییە بە ناڕوونی ماوەتەوەو هیچ کەسێک لەو پەیوەندییەدا شناسایی و دەستبەسەر نەکراوە.

لە وڵاتی ئێراندا نرخی کوشتن (قتل)، ٢.٥ کەس لە هەر ١٠٠ هەزار کەسدایە و ٣٢.٣%ی کوشتنەکان بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی گەرم ئەنجام ئەدرێن.