کەسانی سەربە حکوومەت دەستیان لە قاچاخی ئاسەوارە مێژوویەیکانی کوردستاندا هەیە

21:33 - 27 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: بە تاڵان بردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان لەگەڵ بێ پەرچەکرداریی ناوەندە حکوومەتییەکان و بێ هەڵوێستیی ئیدارەی میرات فەرهەنگی بەرەوڕوو بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ٢ مانگ بەسەر تاڵان کرانی ئاسەوارە مێژووییەکانی مۆزەخانەی کەنگاوەردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام بەرپرسانی لایەنە پەیوەندیدارەکان نکۆڵی لە راستبوونی هەواڵی دزرانی ئەو ئاسەوارانە دەکەن.

یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیس لە شاری کرماشان وێڕای رەخنەگرتن لە بەرپرسان سەبارەت بە ناڕوونی هێشتنەوەی تاڵان کرانی مۆزەخانەی مێژوویی شارستانی کەنگاوەر، روو لە ئیدارەی گشتیی میرات فەرهەنگی و پیشە دەستییەکانی ئوستان، رایگەیاندووە: تاڵان کرانی مۆزەخانە راستە و حاشا کردن و شاردنەوەی راستییەکە، درۆیەکی گەورەیەو تاوانێکە، کە شیاوی لێبوردن نییە.

سەعید حەیدەری تەیب وێرای ئاماژە کردن بە \"کەمتەرخەمی\" سەبارەت بە دزینی ئاسەوارە مێژووییەکانی شاری کەنگاوەر، هۆشداریی بە لێپرساراوانی حکوومەتیش دابوو، کە دەبێ لەو پەیونەدییەدا وڵامدەر بن.

١١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣  بەهۆی نەبوونی چاوەدێری و کە ئەنجامی کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بوو، نزیک بە ٣٠ پارچە ئاسەواری مێژوویی لە مۆزەخانەی شاری کەنگاوەر بە تاڵان بردران.

 گۆزەڵەی جۆراوجۆر، تابووت و بەردی قەبر کە مێژووکەیان بۆ سەردەمی ئەشکانی دەگەڕایەوە، چەند ئاسەواری مێژووی سەرەتای ئیسلام، بەشێک لەو کەرەسانە بوون، کە لەو مۆزەخانەیە بە تاڵان بردراون.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە ٧٧ پارچە ئاسەواری مێژوویی کە کاسەی حەوت‌جۆش، دەستبەند، گوارە، بەردە نووسراوە، کۆمەڵیک پەیکەری مرۆڤ، ئاژەل و سکە بوون، لە شارستانی دەڕە شار دزراون.

هەرچەند پۆلیس رایگەیاندووە، دەستی بەسەر ئەو ئاسەوارە مێژووییانەدا گرتووە، بەڵام بە گوتەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لە ئوستانی ئیلام، رۆژانە کەسانی \"هەلپەرست\" شوێنەوارە مێژووییەکان هەڵئەدەنەوە و ئاسەوارەکان بە تاڵان ئەبەن.

یەکێک لە هاووڵاتیاینی ئەو ناوچەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: دزین و هەڵدانەوەی ئەو شوێنەوارانە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووی لە زیادبوون کردووە و زۆربەی ئەو ئاسەوارنەی ئەدۆزرێنەوە رەوانەی ئوستانەکانی دیکەی ئێران و دەرەوەی وڵات دەکرێن.

ناوبراو هۆکاری زیادبوونی هەڵدانەوەی ئەو شوێنەوارانەی بۆ باری خراپی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان گەڕاندەوە، کە ئامادە هەموو یاسا و بەها نەتەوەییەکانی خۆیان پێشیل بکەن.

لەلایەکی دیکەوە کارناسێکی مۆزەخانە و ئاسەوارە مێژووییەکان لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ژمارەی زۆری مۆزەخانەکان لە ئێراندا نیشانەی بێ بەرنامەیی و رێکارە هەڵەکانی رێکخراوی میرات فەرهەنگی‌یە، کە تەنانەت مۆزەخانەی کەنگاوەر کەمترین ستانداردی ئەمنییەتی تێدا رەچاو نەکرابوو.

بەگوتەی لێپرساراوانی مۆزەخانەکان، هاووڵاتییانیش لە کاتی کرانەوەی مۆزەخانەکاندا سەردانی مۆزەخانە دەکەن، بەڵام پاش ماوەیەک هیچ کەسێک سەردانی مۆزەخانەکان ناکات.

بە گوتەی سەرچاوەی ئاگادار و باوەڕپێکراو، ناوەندە ئەمنییەکان بەتایبەت نیزامی‌یەکانی سوپای پاسداران دەستیان لە دزین و تالان کردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستاندا هەیە و لەو پەیوەندییەشدا هاوکاریی باندە مافیاییەکان دەکەن.

سەرەتای مانگی رابردوو رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ناوەندە دەوڵەتییەکان کردبوو، کە رێگری لە بەتاڵان بردنی ئاسەوار و بەڵگە مێژوویی، فەرهەنگی و شارستانییەتەکانی نەتەوەی کورد بکەن.