کەسانی بەرژەوەندیخواز، ژینگەی پیرانشاریان تێک داوە

14:37 - 22 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی لە شاری پیرانشاردا، بە هەڵکۆڵینی ژینگەی ئەو شارە، خەریکی تێکدانی ژینگەی ئەو شارەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەندێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی لە شاری پیرانشاردا، لە پێناوی بەرژەوەندیی تاکەسیی خۆیان، لە هەوڵی بە ناو زیندووکردنەوەی \"کانە\"کانی ئەو شارە، خەریکی تێکدانی ژینگەی ئەو ناوچەیەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: کانگەکانی پیرانشار کە وەکوو یەکێک لە گەورەترین و بەناوبانگترین کانگەکانی جیهان دەناسرێن، سەرەڕای ئەوەی کە لە بواری ئابووری و پیشەسازییەوە هیچ دیاری و دەسکەوتێکیان بۆ پیرانشار نەبووە، بە هۆی کەسانی بەرژەوەندیخوازەوە تێکچوونی سروشت و سازبوونی ناڕێکییەکی ئێکۆسیستمیی لێ کەوتووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: بەهۆی نەبوونی مکانیزمێکی تەریب لە نێوان ژینگە و چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و گەشەخوازی، بەردەوام ئەوە ژینگە بووە کە پشکی سووتاوی بەرکەوتووە و تووشی خەسار بووە، کە لە سووڕدا، خەسارەکان بەرەوڕووی هەموو بوونەوەرەکان، بەتایبەت مرۆڤیش دەبێتەوە.

هەڵکۆڵینی شاخەکان، بە لەنێوبردنی گیا و گوڵە تایبەتەکانی ناوچەکە و کوێرکردنەوەی کانییەکان و... دەبێتە هۆی تێکچوون و ناڕێکی لە ئێکۆسیستمدا.