١١ کەس ژیانیان پێ بەخشرایەوە

14:13 - 2 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ١١ کەس لە پارێزگای کە بە حوکمی \"قساس\" مەحکووم کرابوون، بە لێخۆشبوونی ئەندامانی بنەماڵەی کوژراوەکان، توانیان سەرلەنوێ ژیانێکی دیکە دەست پێ بکەنەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکانی پارێزگای سنه باسی لەوە کردووە لە وەرزی بەهار و هاوینی ئەمساڵدا، ١١ کەس لە پارێزگای سنه کە بە حوکمی \"قساس\" مەحکووم کرابوون؛ بە لێخۆشبوونی ئەندامانی بنەماڵەی کوژراوەکان، لە پەتی سێدارە ڕزگاریان بوو.

لە کوردستانی ئێران هەتا ئێستا چەندین زیندانی کە بە حوکمی \"قساس\" مەحکووم کرابوون بە لێبوردنی ئەندامانی بنەماڵەی کوژراوەکە، تاوانبار لە حوکمی قساس ڕزگاری بووه.

لەو پێوەندییەشدا چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆ ئەو کەسانەی که بە حوکمی قساس مەحکووم کراون، کەمپەینێکیان پێکهێنابوو و خوازیاری ئەوە بوون کە بنەماڵەی کوژراوەکان لە بکوژان خۆش بن.

زۆرترین حوکمی لەسێدارەدان لە وڵاتی ئێران لەژێر ناو و ناتۆرەی \"قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان\"دا بەڕێوە دەچن، بەڵام لە حوکمی \"قصاص(تۆڵە)\"دا و بەپێی یاسای حکوومەتی ئیسلامی بنەماڵەی کوژراوەکە بڕیار لەسەر چارەنووسی بکوژەکە ئەدەن.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە، کە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی تێدا بەرێوە دەچێت و ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەدوای خۆیدا هێناوە.