١٤١ کەس لە گیرۆدەبووانی ماددەی سڕکەر لە کرماشاندا، گیانیان لەدەست داوە

11:26 - 12 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لە نیوەی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٤١ کەس لە گیردۆبووانی ماددەی سڕکەر لە شاری کرماشاندا، گیانیان لەدەست داوە.

بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان، لە وتووژێکدا لەگەڵ ئیسنا ڕایگەیاند: "١٤١ کەس بەهۆی بەکاربردنی ماددەی سڕکەر لەو شارەدا، گیانیان  لەدەست داوە و ئەمەش بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو کە ٤٧ کەس بووە، سێ بەرابەر بووەتەوە.

"سەلیم خانی" لەو وتووێژەدا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە لەو ١٤١ کەسە کە بەهۆی ماددەی سڕکەرەوە گیانیان لەدەست داوە، چەند کەسیان ژن بووە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ئەو شارە کرد و ڕایگەیاند: "٣٦٤ کەس تووشی ڕووداوی کار بوونە و لەو ڕێژەیەش ١٥ کەس گیانیان لەدەست داوە".

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها باسی لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو شارە کرد، وەک: "گیانلەدەستدانی ٢٩٥ هاووڵاتی بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی ١٢ هاووڵاتی بەهۆی گازگرتووەییەوە. هەروەها ١٦ کەس بەهۆی خواردنی حەبی برنجەوە گیانیان لەدەست داوە و ١١ کەسیش ژەهراوی بوون. هەورەها ٣٢ حاڵەتی هەڵەی پزیشکی ڕوویداوە کە ١٩ حاڵەتیان، دۆسیەکەیان بێتاوان بووە و ١٣ حاڵەتی دیکە، دۆسیەکەیان مەحکوومییەتی پزیشکیی هەبووە".