٢٤ کەس لە کرێکارانی بەنداوی چەپەراوێ لەسەر کارەکەیان دەرکران

10:55 - 30 رێبەندان 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ٢٤ کەس لە کرێکارانی بەنداوی "چەپەراوێ" سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن خاوەنکاری ئەو بەنداوەوە، لەسەر کارەکەیان دەرکراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادارە وێڕای پشتڕاستکرانەوەی ئەو هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "ئەو ٢٤ کرێکارە جیا لە دەرکرانیان لەسەر کارەکەیان، ماوەی ٤ مانگە، لەلایەن بەڵێندەری ئەو بەنداوەوە، پارەیان وەرنەگرتووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو؛ ئەو ٢٤ کرێکارە، کە بە شێوەی گرێبەستی دامەزرابوون و هەر کامەیان پیشینەی کاریان لەو بەنداوە لە نێوان ٤ هەتا ٧ ساڵ دایە.

سەرچاوەی ئاژانسی کوردپا هۆکاری دەکرانی ئەو ٢٤ کرێکارەی بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین لەمەڕ دواکەوتنی پارەی ٤ مانگی ئەو کرێکارانە، گەڕاندووەتەوە.

بەنداوێ "چەپەراوێـ"ـی شاری شنۆ لە ساڵی ١٣٨٢ بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی ژینگەی گولی ورمێ، دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شارەکانی شنۆ، نەغەدە و نەڵۆس، بە ڕێژەی ١٢،٣ میلیۆن مێتری سێ جا، دەستی بە کار کردووە.