١٢ کەس لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایان بانگهێشتی لقی ٢ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کران

18:31 - 23 پووشپەڕ 2722

سەلاح حاجی میرزایی، مەجید کەریمی، غەیاس نێعمەتی، محەممەدڕەزا مورادی، فاتمە زەند کەریمی، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سنە و کەڵاتەرزان و ڕەزا تەهماسبی، سادق کەنعانی، نەسرین کەریمی، فەیسەڵ نووری، کوروش عێزەتی، ڕزگار حەیدەری و موختار ئەسەدی، لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایان، بانگهێشتی لقی ٢ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، کران.

بەپێی ئەو بانگهێشتنامەیە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەر کە بۆ سامانەی سەنای ئەو چالاکانە نێردراوە، ئەوان دەبێ لە ماوەی ٥ ڕۆژدا بۆ دوایین داکۆکی لە خۆیان لە لقی ٢ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، ئامادە بن.

ئەو چالاکە سێنفییانە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کراون.

لە یەک مانگی ڕابردوودا، مەجید کەریمی، غەیاس نێعمەتی، محەممەدڕەزا مورادی، ڕەزا تەهماسبی و سادق کەنعانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە بارمتە و کەفاڵەت ئازاد کرابوون، هەروەها چالاکانی دیکەی سێنفیی مامۆستایان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرابوون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.