٢٢ کەس لە ساڵی ڕابردوودا، لە پارێزگای ورمێ بە چەکی سارد کوژراون

13:49 - 18 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئاماری سەردانکەران بۆ پزیشکی یاسایی، بە هۆی شەڕ و کێشەوە لە ساڵی ڕابردوودا، لە پاڕێزگای ورمێ لەسەدا چوار زیادی کردووە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی \"ئیسنا\"، لە زاری بەڕێوەبەری پزیشکی یاساییی پاڕێزگای ورمێ بڵاوی کردەوە، لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ٢٤ هەزار و ٩١٣ کەس بە هۆی شەڕ و کێشەوە سەردانی پزیشکی یاساییی پارێزگای ورمێیان کردووە.

ڕەسووڵ ڕەوشەنی رایگەیاند: ڕێژەی سەردانکەرانی پزیشکی یاسایی لە ساڵی ڕابردوودا (٩٦)، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی (٩٥)، کە ٢٣ هەزار و ٨٨١ کەس بوون، لەسەدا چوار زیادی کردووە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە باسی لەوە کردووە کە زۆرترین سەردا‌نکەران بۆ پزیشکی یاسایی، بە هۆی دۆسییەی شەڕ و کێشە بووە و لە کۆی سەردانکەران لە ساڵی ڕابردوودا، کە ٢٤ هەزار ٩١٣ کەس بوون، ٦ هەزار و ١٥٨ کەسیان ژن و ١٨ هەزار و ٧٥٥ کەسیان پیاو بوون.

بە وتەی ڕەسووڵ ڕەوشەنی، ئەمە لە حاڵێکدایە، کە بە نیسبەت ساڵی (٩٥)، ١٧ هەزار و ٩١٣ پیاو و ٥ هەزار و ٩٦٨ ژن بە هۆی شەڕەوە سەردانی پزیشکی یاسایییان کردووە.

ناوبراو لە درێژەدا، ئاماژەی بە قوربانیانی چەکی سارد کردووە و ڕایگەیاندووە: لە ساڵی ڕابردوودا، ٢٢ کەس لەو پارێزگایە گیانیان لە دەست داوە و ئەم ژمارەش بە نیسبەت ساڵی ٩٥ ڕووی لە هەڵکشانە.