٩ کەس بە هۆی گازگرتوویی لە پارێزگای کرماشان ژه‌هراوی بوون

16:15 - 7 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی پزیشکی لە پارێزگای کرماشان باسی لە ژەهراوی‌بوونی ٩ کەس بە هۆی گازی مۆنۆئۆکسیدی کەربۆنەوە کرد.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، \"سائێب مۆدەرسی\"، لە وتووێژێکدا باسی لە ژه‌هراوی‌بوونی ٩ کەس لە یەک ڕۆژی ڕابردوودا کردووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە \"سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە ٥ کەس لە شەقامی نۆهەمی کرماشان بە هۆی ئەم گازەوە ژه‌هراوی بوون و بۆ نەخۆشخانەی خۆمەینی ئەم شارە گوازراونەتەوە\".

هەروەها له دووهەم ڕووداو ڕۆژی شەممە ڕاگەیەندرا کە یەک کەس لە ناوچەی پاوە و بەشی نەوسود بە هۆی ئەم گازەوە بۆ نەخۆش خانەی قودسی ئەم شارە گوازراوەتەوە.

هەروەها لە کۆڵانی گۆلستانی ئەم شارەش دوو کەسی دیکە تووشی گازگرتوویی بوون.

هۆکاری ئەم ڕووداوانە کە ساڵانە لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا سەر هەڵدەدات بۆ نەبوونی سیستمی پاراستن لە ئامێری گەرم کردنەوەی نێو ماڵەکاندا هەڵدەگەڕێتەوە کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ژه‌هراوی بوونی هاووڵاتییان و تەنانەت گیان لەدەست دانیشیان.