٣٠ کەس بە ناوی \"لات و لووت\" لە شاری کرماشان دەسبەسەر کران

20:08 - 22 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی شاری کرماشان بە بیانووی ىن‌بڕ کردنی نائەمنی و تاوانە کۆمەڵایەتییەکان،٣٠ کەس لە هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو شارەیان لە ژێر ناوی \"لات و لووت\" لە لایەن پۆلیسی ئیتلاعات_ئەمنییەتی ئەو شارە دەسبەسەر کردووە.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیسنا\"ی کرماشان لە زاری فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی ئەو شارە باسی لە دەسبەسەر کردنی ٣٠ کەس لە هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو شارە لە ژێرناوی \"لات و لووت\"، کرد.

مەنووچێهر ئەمانوڵلاهی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هەواڵنێران ڕایگەیاند: لە درێژەی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی ئەمنییەتی زیاتری کۆمەڵایەتی و هەڵسووکەوت لەگەڵ \"لات و لووت و تێکدانی نەزم و ئەمنییەتی گشتیی، کە لە بەرنامەی کار ئێمە دابووە، ٣٠ کەس لە لات و لووتەکان، کە هێندێکیان پیشینە و سکاڵای تاکەکەسیان لە سەر بوو، دەسبەسەر کراون.

بە وتەی ئەو فەرماندە نیزامییە حکوومەتییە لە شاری کرماشان، لەو ٣٠ هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە، ٣ قەبزە چەک و هێندێک چەقۆ و کەرەستەی دیکەی نایاسایی، دەستی بەسەردا گیراوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: بە دڵنیایەوە دەزگای قەزایی بەپێی یاسا لەگەڵ ئەوان هەڵسووکەوت دەکات.

لەو پەیوەندییەدا،سەعید خراتها، کۆمەڵناسێک، سەبارەت بە بەرئەنگاربوونەوەی پۆلیسی ئیتلاعات_ئەمنییەت، بە ناوی \"لات و لووت\"، ڕاگەیاندبوو، \"بە سەرنجدان بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی گەڵاڵەی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ \"لات و لووت\"، نەسلێک لە کۆمەڵگە ماوەی چەندین ساڵە لەژێر سێبەری گەڵاڵەی جۆراوجۆری ئەمنیەتیدا ژیاون و تووشی ئەو دیاردەیە هاتوون و لە ئەنجامدا بەشێکی بەرچاو لەو نەسلە ناوی \"لات و لووت\"یان لەسەر دادندراوە\".