کەرەسە جەنگییە نەتەقیوەکان هەڕەشەن بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی کورد

13:58 - 7 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: بوونی تەقەمەنی و کەرەسەی جەنگی نەتەقیو لەکوردستان، گیانی هاووڵاتیانی کورد بەتایبەت منداڵانی لەگەڵ مەترسیی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر لەشاری گیلانغەرب و لە نزیک قوتابخانەیەک بۆمبێک دۆزراوەتەوە.

بۆمبەکە لە جۆری ١٣٥ میلیمێتری بووە و راستەوخۆ مەترسیی گیانی بۆ سەر ١٥٠ قوتابی قوتابخانەی \"داوەرزادە\" هەڵکەوتوو لە شەقامی سەید جەماڵەدینی هەبووە.

سەرچاوە ناوچەییەکان باسیان لەوە کردووە ناوەندە پێوەندیدارەکان هەتا ئێستا هیچ هەوڵێکیان بۆ پووچەڵکردنەوەی بۆمبەکە نەداوە.

\"26744.jpg\"
بوونی تەقەمەنی و کەرەسەی جەنگی نەتەقیو لەکوردستان
گیلانغەرب بە یەکێک لەشارە سنوورییەکانی ئوستانی کرماشان دێتە ئەژمار کە زۆر جار بوردومان کراوە.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵنێری کوردپا لەشاری بۆکانەوە رایگەیاندووە، کە تەقینەوەی مین لەیەکێک لەئاواییەکانی سەر بەو شارە زیانی بەرچاوی بە ئاژەڵدارانی ناوچەکە گەیاندووە.

بە هۆی ئەو تەقینەوەیە کە لە بنکەیەکی نیزامی ئاوایی \"قادرئاوا\" رووی داوە ٤ سەر مەڕ و ماڵات لەناو چوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

ئەو رووداوە بووەتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێی لەناو هاووڵاتیاندا و داوا لە ناوەندە پێوەندیدارەکانی شاری بۆکان کراوە کە هەر چی خێراتر بەدواداچوون بۆ کۆکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی کەرەسە جەنگییە نەتەقیوەکانی دەورووبەری پادگانی نیزامی قادرئاوا بکەن.

رووداوی لەو چەشنە پاش ٢٦ ساڵ لەکۆتایی شەڕی ئێران و عێراق لەحاڵیکدایە کە کۆتایی مانگی بانەمەڕ بۆمبێکی دیکەش لەئاوایی قەڵاگای سەوڵاوا دۆزرابوویەوە.

ئەو ئاواییە لەرەشەممەی ١٣٦٦ و خەکەلێوەی ١٣٦٧ کرابوونە ئامانجی چەکە شیمیاییەکان.