کەرەستە شەخسییەکانی ٥ چالاکی مەدەنیی کرماشان دەستی بە سەر داگیرا

13:21 - 21 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری کرماشان دەستیان بە سەر کەرەستە و شتومەکی پێنج چالاکی مەدەنی ئەو شارە داگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو دووشەممە ٢٠ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتییەکان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی پێنج چالاکی مەدەنی و پاش پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان بە سەر کەرەستە شەخسییەکانی ئەو چالاکە مەدەنییانە داگرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری کرماشان هێندێک کەرەستەی وەک سیم کارت، موبایل و نووسراوە و دەستنووسەکانی ئەو پێنج چالاکە مەدەنییانەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵە و کەس و کاری دەستبەسەر کراوەکانیان ڕاگەیاندووە، لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک و وتووێژکردن لەگەڵ میدیاکان و هەواڵدەرییەکان خۆیان ببوێرن.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خەرمانان، ٥ نووسەر و چالاکیی مەدەنی لە شاری کرماشان بە ناوەکانی\" \"فەرزاد سەفەره، فوئاد موزەفەری، شەهریار تەهماسبی، شەهریار ڕۆستەمی، ئەرسەلان عەباسی\" بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی شاری بانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری کرماشان دەستبەسەر کران.

ئەو ٥ چالاکە مەدەنییە ڕۆژی پێنجشەممە بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی شاری بانە و ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر کوژرانی ٢ کۆڵبەری کورد بە دەستی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژرابوون، لە بەردەم پارێزگای کرماشان کۆ ببوونەوە.

لینکی پەیوەندیدار:
ژمارەیەک لە نووسەر و چالاکانی مەدەنی لە کرماشان دەستبەسەر کران