کەریم پزیشکی و سەعید ڕەشیدی پاش ٢٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری لە زیندانی سنە ئازاد کران

12:16 - 19 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕ، دوو هاوووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەریم پزیشکی و سەعید ڕەشیدی" خەڵکی شاری بانە پاش ٢٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی سنە،ئازاد کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کرابوون.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، ئەو دوو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزران. بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو ٢ کەسەیان بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کردووە.

ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوری ساڵی ڕابردوو، ئەو ٢ کەسە بێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری بە بێڕێزی و لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنیان بێڕێزییان بە بنەماڵەکانیشیان کردبوو. هەروەها کەرەستەی کەسیی ئەوانیشیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سەعید ڕەشیدی و کەریم پزیشکی