کەبوودوەند بۆ بەشداری کردن لە تاقیکردنەوەکانی کارناسیی باڵا رێگریی لێکرا

14:09 - 1 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران بە بڕیاری دادستانی گشتیی پایتەخت، رێگرییان لە بەشداری کردنی محەممەد سەدیق کەبوودوەند لە تاقیکردنەوەی خولی کارناسیی باڵادا کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە کاتێکدا کە بڕیار بوو رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز لە تاقیکردنەوەکانی کارناسیی باڵای رشتەی مافە نێونەتەوەییەکان و دەروونناسیی ژێنێتیکی زانکۆی پەیام‌نووردا بەشدار بێت، لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ئێڤینەوە بەرەوڕووی ئاستەنگ بوویەوە.

ماڵپەڕی \"جەڕەس\" لەو پەیوەندییەدا رایگەیاندووە کە ئومید کەوکەبی، حەمید ئیسلامی، ئەمیـر بێهروزی، ئەفشین کەرەم‌پوور، مەهدی دەوڵەتی، مەهدی فازڵی و سینا عەزیمی هاوڕێ لەگەڵ محەممەد سەدیق کەبوودوەند بۆ بەشداری کردن لەو تاقیکردنەوەیەدا رێگرییان لێکراوە.

ئەو زیندانییانە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا و سەرەڕای بەربەستێکی یەکجار زۆر بۆ دەست ڕاگەیشتن بە کتێب، ئامادەیی پێویستیان بۆ بەشداری کردن لەو تاقیکردنەوەکاندا بەدەست هێنابوو.

ناوەڕاست مانگی رەزبەری ئەمساڵ مەئموورانی زیندانی ئێڤینی تاران وێڕای هەڵسووکەوتێکی نەشیاو و توندوتیژانە، رێگرییان لەدرێژ کردنەوەی ماوەی چاوپێکەوتنی محەممەد سەدیق کەبوودوەند لەگەڵ بنەماڵەکەیدا کردبوو.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند لەمانگی خەرمانانیشدا، لەلایەن بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئێرانەوە کۆمەڵێک \"تاوانی نوێ بە حوکمی جیاواز\"ەوە درابوویە پاڵی.

محەمەمد سەدیق کەبوودوەند چالاکی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنووس و دامەزرێنەری ریکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، رۆژی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تاوانی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لەرێگەی دامەزراندنی و سەرپەرستی کردنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بە ١٠ ساڵ زیندان و دواتریش بە تاوانی تەبلیغات بەدژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەرێگەی پەیوەندی گرتن لەگەڵ رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و کوفی عەننان بە ١ ساڵ زیندانیی دیکە و سەرجەم بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.