کەبوودوەند: بن‌بڕ کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران، پێویستی بە هەنگاوی شێلگیرانەتر هەیە

15:57 - 7 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: محەممەد سدیق کەبوودوەند بەبڵاوکردنەوەی نامەیەک لە زیندانی \"ئێڤین\"ـەوە، خوازیاری گرتنە پێشی رێکار شیاوی نێونەتەوەی بۆ بنبڕ کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران بوو.

سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە درێژەی ئەو نامەیەدا باسی لەوە کردووە \"زانیارییەکی ئەوتۆم لەسەر راپۆرتەکانی \"ئەحمەد شەهید\" رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران نییە، بەڵام لەو رەهەندەوە جێگەی سەرنجە کە پێشێلکاریی سیستماتیک و بەرینی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران پشتڕاست دەکاتەوە\".

لەو نامەیەدا کە نوسخەیەکی بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، کەبوودوەند ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشلکردنی سەرەتایی‌ترین ماف و ئازادییەکان لە ماوەی ساڵ، مانگەکان و رۆژانی رابردوودا لە ئێران، شتێکی حاشا هەڵنەگرە و بە سەرنجدان بە رەوتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، هیچ ئالوگۆڕێک و رێفۆرمێک لە هەڵسووکەتی پێشێلکارانی مافی مرۆڤدا بەدی نەکراوە، بۆیە دەخوازێ رێوشێنی شێلگیرانەتر بگرینە پێش.

لەکۆتاییدا رایگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێ کە میکانیزمی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ و وێژدانی مرۆڤ دۆستی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ چاوەدێری کردن بەسەر بەپرسی مافی مرۆڤ بۆ بنبڕ کردنی پێشێلکاری ئاشکرا و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران زیاتر ببێت.

٢٤ی مارسی ٢٠١٣ / ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی