کێشەی کۆمەڵایەتی دیسان قوربانیی لێکەوتەوە

15:13 - 8 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٨ ساڵەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری شنۆ، بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ٧ی بەفرانبار، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵە لە گوندی\"پۆلێ\" بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو کچە شنۆییە بە ناوی \"سومەییە ڕوونەما\"ڕاگەیەنراوە.

خۆکوژیی سومەییە بە دوای ئەوەدا دێت کە ناوبراو پاش بڕیاری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ کوڕێکی گەنجی خەڵکی گوندی پۆلێ، و دواتر ڕەت کردنەوەی ئەو بڕیارە لەلایەن کوڕەکەوە، ئەو کچە هەوڵی خۆکوژیی دەدا.

ئاگری ئیسماعیل نژاد چالاکی کۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدایە کە کێشەی کۆمەڵایەتی کە لە دەرەنجامی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا هاتۆتە گۆڕێ، کەسانێک پێیان وایە کۆمەڵگا زوڵمی لێکردوون و دەیانەوێت بە توندترین شێوە تۆڵە لەو کۆمەڵگایە بکەنەوە.

زۆربەی ئەو خۆکوژییانەش لە ئێراندا و بەتایبەت لە کوردستانی ئێراندا بۆ کێشە کۆمەڵایەتی، ئابووری و بنەماڵەییەکان دەگەڕێتەوە و هەنووکە بە شێوەیەک دیاردەی خۆکۆژی لە ئێراندا پەرەی ئەستاندووە کە بە سۆنامیی خۆکوژی ناوی لێ دەبەن.