کێشەی ژنانی کورد لە زاری ژنە چالاکێکی کوردەوە

22:45 - 14 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ئەنجومەنی دادکۆکی لە ژنان و منداڵانی شاری سنە وێڕای رەخنە گرتن لە بەرپرسانی حکوومەتی، باس لە زیادبوونی کێشە و گرفتی ژنانی کورد دەکات.

\"فەهیمە قەدەم خەیریان\" لە لێدوانێکدا بۆ یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی شاری سنەی راگەیاندووە کە بێکاریی سەرەکی‌ترین کێشەی ژنانی کورد لە ئوستانی کوردستانەو سەرەڕای ئەوەی کە ئاسەواری خراپی بەدواوە بووەو بناغەی پێکەوە بوونی زۆرێک لە بنەماڵەکانی لاواز کردووە.

یاسا پشتیوانی لە ژنان ناکات

\"13122.jpg\"
بەرپرسی ئەنجومەنی داکۆکی لە ژنان و منداڵانی شاری سنە باسی لە فرە ژنی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا کردووەو رایگەیاندووە کە پیاوانی کورد تەنیا بەبیانووی ئەوە کە ژنەکەی کوڕی نابێت، سەر لەنوێ لەگەڵ ژنیکی دیکە ژیانی هاوبەش پێک دێنێت و ژنی یەکەمش ئیزنی ناڕەزایەتی دەربڕینی نییەو لە ئەگەری ناڕەزایەتی دەربڕین بەرەوڕووی تەڵاق دەبێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، پشتیوانیی یاسایی و ماددی لە ژنانی سەرپەرست یەکجار لاوازە، بۆیە هەندێک لە ژنان پاش جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی خۆیان بەناچاری روو لە لەشفرۆشی دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە لە کاتێکدا ژنان سەردانی دادگاکان دەکەن، یاسا هیچ پشتیوانییەک لە ژنان ناکات و دادگاش بۆ پشتگیری لە ژنان داوای شاهید دەکات، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە زۆربەی کێشەکانی نێوان ژن و پیاو کێشەی تاکەکەسین و هیچ پەیوەندی بە شاهیدەوە نییە.

ژنان لەترسی تەڵاق نەخۆشییەکانی خۆیان دەشارنەوە

\"13120.jpg\"
هەروەها ئەو ژنە چالاکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە گوندەکانی کوردستان ئیمکاناتی بێهداشتی و تەندروستی بوونیان نییەو بەو هۆیەوە ژنانی کورد لە ترسی ئەوەی کە بەرەوڕووی توندوتێژی و تەڵاق نەبنەوە نەخۆشییەکانی خۆیان بە شاراوەیی دێڵنەوە.

ناوبراو راشیگەیاندووە، تەنیا لە هەندێک گوندی کوردستاندا خانەی بێهداشت بوونیان هەیەو بە کەمترین ئیمکاناتی دەواو دەرمانەوە خزمەت بە هاووڵاتییان دەکەن.

ئەوەش لە حاڵیک دایە کە دەبێ هەموو حەفتەیەک بێهیار سەردانی گوندەکان بکەن و لە تەندروستیی ژنانی گوندنشین بکۆڵنەوە، بەڵام هەندێک لە گوندەکان ماوەی چەندین ساڵە کە لەلایەن هیچ بێهیارێکەوە سەردانی نەکراوە.

خۆکوشتن رووی لە زیادبوون کردووە

\"13121.jpg\"
ئەو ژنە بەرپرسە سەبارەت بە دیاردەی خۆسووتاندنی ژنان رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوە کە ئاستی تێگەیشتووی و زانیاریی ژنانی کورد بەرەوسەر چووەو لە هەمبەر کێشەکاندا خۆڕاگرتر بوون، بەڵام دیاردەی خۆکوشتن و خۆسووتاندن وەک فەرهەنگی لێ هاتووەو رۆژ لە دوای رۆژ ئاماری ئەو دیاردەیە روو لە زیاتر بوون دەکات.

زیادبوونی رێژەی ژنانی موعتاد لە کوردستان
خەیریان ئاشکرای کرد، رێژەی ژنانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر لە ئوستانی کوردستان رووی لە زیادبوون کردووەو سەرەڕای ئەوە کە چەندین ناوەندی وەلانانی ماددەی هۆشبەر لە ئوستانی کوردستاندا بوونیان هەیە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ئیمکاناتێکیان بۆ دابین نەکراوە و لەلایەن هیچ ناوەندێکی حکوومەتیشەوە بەفەرمی پشتیوانی ناکرێن.