کێشەی لەوەڕگە لە ناوچەی کامیاران ١٥ برینداری لێکەوتەوە

14:10 - 22 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی کەمتەرخەمیی ئیدارەی شۆرای حەللی ئیختلاف\"ی شاری کامیاران، لە نێوان خەڵکی ٢ گوندی ئەو شارەدا شەڕ و کێشە دروست بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، ماوەی زیاتر لە مانگێکە خەڵکی گوندەکانی پاڵنگان و گازرخانی سەربە ناوچەی ژاوەرۆی کامیاران بەهۆی کێشەی لەوەڕگەکانی چیای شاهۆ، چەندین جار سەردانی شۆرای حەللی ئیختلافی ئەو شارەیان کردبوو، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان لەمەڕ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە، شەڕ و توند و تیژی لە نێوان خەڵکی ئەو ٢ گوندەدا هاتۆتە ئاراوە.

ئەو هاووڵاتییە راشیگەیاند: سەردانی خەڵکی ئەو ٢ گوندە بۆ ئیدارەی شۆرای حەللی ئیختلاف لە کاتێکدا بوو کە ئەو ئیدارەیە نە تەنیا هیچ رێکارێکی بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە نەگرتە بەر، بەڵکوو بە شێوەیەکی گوماناوی تۆوی دووبەرەکی لە نێوان هاووڵاتییانی ئەو ٢ گوندەدا دەچاند.

ئەو دانیشتووەی ناوچەی بێڵەواری کامیاران ئەوەشی خستەڕوو، کەمتەرخەمیی ئەو ئیدارەیە بووە هۆی ئەوە کە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ خەڵکی گوندەکانی پاڵنگان و گازرخانی لە نزیک گوندی تەنگیوەر بە کێشە بێن و لە ئەنجامدا ١٥ کەس لە هەر دوولا بریندار بن.