کێشەی زاراوەکان لە نێوان منداڵانی ناوچەی ورمێ‌دا

21:32 - 28 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: منداڵانی پارێزگای ورمێ، بەهۆی فرەچەشنیی زاراوەیی و نەتەوەیی و دراوسێ بوونیان لەگەڵ وڵاتی تورکیە، شارەزاییان لە چەند زاراوەدا هەیە، کە هەر ئەم بابەتە خۆی بووەتە هۆی کێشە لە ناوچەی ورمێ‌دا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هەواڵدەریی \"فارس\" لەپارێزگای ورمێ بڵاوی کردووەتەوە کە؛ \"پارێزگای ورمێ یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە بەهۆی فرەچەشنی و فراوانیی \"قەومی\" و \"زاراوە\"یی کە لەم ناوچەیەدا بوونی هەیە، تووشی کێشەیەکی زۆر گەورە بووە\".

ئەوساڵ پارێزگای ورمێ لە کاتێکدا ساڵی تازەی خوێندنی دەست پێ کردووە کە منداڵانێک کە بە دوو زمانی سەرەکیی ئەو پارێزگایە دەدوێن،، لەگەڵ گرفتێکی هەرە گەورە لە بواری پەروەردە بوونیان بەڕەوروو بوونەتەوە.

بەپێی مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئێران، هەموو قوتابییەکان دەبێ بە زاراوەی فەرمیی وڵات کە هەمان فارسیە بخوێنن.

\"سۆهەیلا برنجی\"، یەکێک لە مامۆستاکانی قۆناغی بنەڕەتی لەپارێزگای ورمێ، سەبارەت بەم گرفتە بە هەواڵدەریی \"فارس\"ی ڕاگەیاندووە کە؛ \"بە سەرەنجدان بەم گرفتە لەم پارێزگایە، ئێمە لە کاتی ئامادە بوونی قوتابیان لە پۆلەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان، شایەتی ئەم کێشەین کە منداڵان لە چەند زاراوەی جۆراوجۆر شارەزاییان هەیە، بەڵام لە زاراوەی فەرمیی وڵات کە فارسیە هیچ شارەزاییەکیان نیە\".

هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسی گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە کە؛ \"بوونی ماهوارە لە نێو بنەماڵەکاندا دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە منداڵان زاراوەی جۆراوجۆر فێر بن و نەتوانن لە کاناڵە فەرمییەکانی نێوخۆ بۆ فێر بوونی زمانی فارسی و فەرمیی وڵات کەڵک وەربگرن، و ئەوە خۆی بووەتە گرفتێک بۆ منداڵان لە کاتی هاتنیان بۆ قوتابخانە\".

حکوومەتی ئێران لە هەر شێوازێک کەڵک وەر دەگرێت تا بتوانێ منداڵانی کەمینە نەتەوەییەکان لە زمانی دایکیی خۆیان دوور بخاتەوە و بە زۆرە مڵی بەرەو زاراوەی فەرمیی وڵات ڕایانکێشیت و ئەم سیاسەتەشیان تا ڕادەیەک لە پارێزگایەک وەکوو کرماشان توانیویانە بە سەرکەوتوویی پێشی ببەن.