کێشەی ترمیناڵی بۆکان، مانگرتنی شۆفیرەکانی لێکەوتەوە

15:08 - 12 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ماوەی نزیک بە یەک ساڵە ترمیناڵی تازەی بۆکان ـ میاندواو، بۆکان - مەهاباد کێشەی هەیە و ئەو کێشەیەش هاووڵاتیان و شۆفیرانی وەزاڵە هێناوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی یەک ساڵە ترمیناڵی شاری بۆکان بۆ دەرەوەی شار گوازراوەتەوە و بەهۆی دووری شوێنەکەوە هاووڵاتیان ئامادە نین تێچوویەکی زۆر خەرج بکەن و بچن لەوێ‌سواری ماشێن \"خەت\"ـەکان ببن.

دەگوترێت؛ شۆفێرانی ترمیناڵەکەش بە بەردەوامی ناڕەزایەتیان بە کەمی موسافیر دەربڕیوە و هەر جارەو بە بیانوویەک ناوەندە پێوەندیدارەکان بەڵێنی زریقە و بریقەدارانیان پێ‌دەدەن و دایان دەمرکێنەوە.

یەکێک لەشۆفیرانی ترمیناڵی بۆکان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە،\" ماوەی چەند رۆژە ئێمە مانمان گرت و ئامادە نەبوون کاری گواستنەوەی موسافیر بکەین\".

ئەو شۆفیرە باسی لەوەش کرد: \"لە ئەنجامی ئەو مانگرتنەدا فەرمانداریی شاری بۆکان و هێزە ئینتزامییەکان هەڕەشەیان لە شۆفیران کردووە و پێی راگەیاندووین ئەگەر لە مانگرتنەکەیان بەردەوام ببن ماڵیان وێران دەکەن\".

شۆفیرەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو ناوەندە رایانگەیاندووە؛ ئەگەر ناڕەزایەتی دەرببڕن \"خەت\"ـەکانتاب لێ دەستێنەوە.

بە وتەی هاووڵاتیان، هەر موسافیریک کە لەناو شارەوە بیهەوێ‌بچێتە ترمیناڵی نوێ‌، کە لەدەرەوەی شار و لە نزیک خاڵی پشکنینی رێگای میاندواو هەڵکەوتووە، دەبێ‌پارەیەکی زۆر بۆ کرێ‌تاکسی خەرج بکات، کە ئەو پارەیە لە کرێی هاتووچۆی نێوان شارەکان زۆر زیاترە.

هاووڵاتیان دەڵێین، ئێمە بۆ هاتوچۆی شارەکانی دیکە هەر لەشوێنی پێشووی ترمیناڵەکە، کە لەنزیک \"فەلەکەی ئازداگان\" هەڵکەوتووە، سواری ماشێن دەبین و ناچینە ترمیناڵ کە نزیک بە ١٠ کیلۆمیتر لە دەرەوەی شاری بۆکانە.