کێشەی بنەماڵەیی و هەژاری، ژن و کچێکی لاوی کردە قوربانی

15:00 - 5 خەرمانان 2718
ئاژاسی کوردپا: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە شارەکانی کوردستان، ژن و کچێکی لاو بوونە قوربانیی دەسکورتی و کێشەی بنەماڵییەکانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: دوو ڕۆژ پێش، ژنێکی لاو، خەڵکی گوندی \"مەلەکانـ\"ـی شاری ورمێ، بە ناوی \"شێوا\"، تەمەن ٢٢ ساڵ و دایکی دوو منداڵی کەمتەمەن خۆی سووتاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە لاوە کوردە بە هۆی دەسکورتی و هەژاری دەستی داوەتە خۆسووتاندن.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی ڕابردوو، کچێکی مێرمنداڵ، تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی شاری سەقز، لە گەڕەکی \"حەماڵاوا\"ی ئەو شارە، کە هێشتا شوناسی بڵاو نەبووەتەوە، بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی خۆی کوشتووە.

کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی، کێشەی بێکاری و هەژاری وەک سەرەکیترین هۆکاری خۆکوژیی هاووڵاتییان لە قەلەم دەدەن،کە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و چوونەسەری ئاماری بێكاری لە ئێراندا، ئاماری خۆکوژیی هاووڵاتییان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ڕوو لە زیادبوون دەکات.