کێشەی بنەماڵەیی قوربانی بوونی ژنێکی ٤٠ ساڵەی بەدواوە بوو

21:10 - 5 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی شاری بۆکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری بۆکان، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لەگەڵ مێردەکەی لە باڵاخانەیەکی چەند نهۆمی خۆی فڕە داوەتە خوارەوە و لە ئاکامدا گیانی لە دەست داوە.

شوناسی ئەو ژنە کوردە \"هێرۆ سدیقی\" تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، ژنێکی کورد خەڵکی شاری مەریوان لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، خۆی کوشت.

شوناسی ئەو ژنه، \"پاییزە ئیبراهیمی\" ڕاگەیەندرابوو و باس لەوە کراوبوو کە پاییزە ئیبراهیمی، بە هۆی کێشەی بنەماڵەکەی دەستی داوەتە خۆکوژییەوە.

بە باوەڕی کارناسان، زۆربەی ئەو ژنانە کە هانا بۆ خۆکوژی دەبەن، ئاستی خوێندواریان نییە یان کەمە و لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش بۆ خۆکوشتن و دەربازبوون لە دەست کێشەکان، لە شێوازی خۆسووتاندن کەڵک وەردەگرن.