کێشەی بنەماڵەیی خۆکوژیی هاووڵاتییەکی بەدواوە بوو

14:56 - 2 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: \"کێشەی بنەماڵەیی، هەژاری، دەستکورتی و بێکاری\"!، زۆرجار هاوڵاتییان بۆ دەربازبوون لەو قەیران و کێشانە، بەبێ لێکدانەوەی دەرئەنجام و خەسارەکانی، بەرەو ئاقاری خۆکوژی هەنگاو دەنێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١ی جۆزەردان، ژنێکی لاو لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سەقز بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو ژنە لاوە بە\" ئیلاهە ئەحمەدیان\" تەمەن ٢٥ ساڵ ڕاگەیەنراوە.

ئیلاهە ئەحمەدیان خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو ژنە لاوە خەڵکی گەڕەکی\"تازاوای\" شاری سەقز بووە.

هەر لەو پەیوندییەدا، چەند ڕۆژ پێشتر لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە شاری سەقز خۆی دەرمانخوارد کرد و گیانی لە دەست دا.

شاری سەقز بە نیسبەت شارەکانی دیکە ڕێژەی خۆکوژیی لە نێو ژنان، پیاوان و لاوان لە سەرترە و بە بڕوای کارناسانی کۆمەڵناسی، بوونی دیاردەی خۆکوژی لەو شارە، بۆ کێشەی بنەماڵەیی، هەژاری، دەستکورتی و بێکاری نەبوونی چاودەدێریی کۆمەڵایەتی، نەبوونی یەکگرتوویی و پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و نەبوونی ناوەندە خەڵکییەکان بۆ ئەو کارە دەگەڕێننەوە.