کێشە و گرفتەکانی وەرزێڕانی کورد هەروا بەردەوامە

15:02 - 13 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا:سەرەڕای ئەوەیکە وەرزێڕانی پارێزگای کوردستان دەغڵ و دانی خۆیان تەحویلی حکوومەت داوە بەڵام تا ئێستا پارەکەیان وەرنەگرتووە و ئەوەش ناڕەزایەتیی وەرزێڕانی ئەو پارێزگایەی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،، وەرزێڕانی کورد وەکوو تۆیژەکانی دیکەی کۆمەڵگای کوردستان، لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە کەوتوونەتە ژێر زۆڵم و هەڵاواردن و لەو پێوەندییەدا وەزێڕانی پارێزگای کوردستان ئەگەرچی بەرهەمی دەغڵ و دانی خۆیان تەحویلی حکوومەت داوە بەڵام خۆیان لە بەرەکەتی نانەکەی بێبەش کراون.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ لە پارێزگای کوردستان ٨٠٠ میلیۆن تۆن بەرهەمی گەنمی وەرزێڕان تەحویلی حکوومەت دراوە، بەڵام نزیک بۆ ٢ مانگ دەچێت بەرپرسانی حکوومەتی پارەی ئەو گەنمیان نەداوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە حکوومەت بە نەدانی ئەو پارەیە و ڕاگرتنی پارەی وەڕزێران سەرقاڵی کاری ئابوورییە و هێچ ئاوڕێک لە کێشەی جوتیاران ناداتەوە و ئەوەش لە کاتێک دایه کە تەنیا بەرهەمی هەندێک لەو کەسانە هەر گەنمە و بەس.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنێری کوردپا باسی لەوە کرد، ئەگەرچی پارەی بەرهەمە کشت‌وکاڵییەکان بە وەرزێڕان نادەن، ئەو وەرزێڕانەی کە وام بانکیان لە بانکی کەشاوەرزی وەگرتووە ئەگەر یەک ڕۆژ لە ماوەی دانەوەی وامەکە تێپەڕێت بە تەلەفوون ئاگاداری دەکەنەوە و جەریمەشی دەکەن.

حکوومەت بۆ دانی پارە تەنانەت چەکیشی نەداوەتە بە وەزێڕان کە کاروباری خۆیانی پێ ڕاپەڕێنن.

حکوومەت هەر تۆن گەنمی ئەمساڵی بە بڕی پارەی ١ میلیۆن و ٢٨٠ هەزار تمەن لە وەرزێران وەرگرتووە.

وەرزێڕانی کوردستانی ئێران ساڵانێکە لەگەڵ کێشە و گرفتێکی زۆر بەرەوروو دەبنەوە، بەڵام ئەم کێشە و گرفتانە سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسانی رێژیم لە ئەم سال دەخرێنە ساڵی داهاتووەوە و بەردەوام بە دروست کردنی بەربەست بۆ وەرزێڕان کێشەیان بۆ زیاتر دەبێت.