کێشە نەتەوەییەکان جارێکی دیکە لە گۆڕەپانی یاری‏دا خۆی دەرخست

15:18 - 19 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمە و لەکاتی بەڕێوەچوونی یاریی نێوان تیمەکانی پێرسپۆلیس و تراکتۆرسازیی تەورێز، دروشمی \"مرگ بر فارس\" گۆڕەپانی یارییەکەی تەنییەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ویدیۆیەک بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا لە کاتی یاریی فووتباڵ لە نێوان تیمەکانی پێرسپۆلیس و تراکتۆرسازی‏دا، بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانی تیمی تەراکتۆرسازی لە یاریگای ئازادی، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لە تیمەکەیان دروشمی \"مرگ بر فارس\" دەڵێنەوە.

تیمی تەراکتۆرسازیی تەورێز، هاوشێوەی تیمی فولادسازیی ئەهواز، بۆ عەرەبەکانی ئەهواز، هەنووکە بووەتە سیمبۆلی نەتەوەخوازیی تورکەکانی ئێران.

کارناسان لەمبارەوە پێیان وایە هۆکاری سەرهەڵدانی وەها ڕووداوگەلێک لە شوێنە گشتی و وەرزشییەکان بۆ ئەو دەنگە کپ کراوانە دەگەڕێتەوە کە سیستمی دەسەڵاتداریی ئێران ساڵانێکە بەسەر نەتەوەکانی ئێراندا دەی‏سەپێنێت.

دوکتور کەریم عەبدیان، سەرۆکی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئەهواز، لەمبارەوە بە ماڵپەری تەوانای گووتووە: ئەمە نیشانەی سەرکووتی بەردەوامی نەتەوەی تورک لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندیی ئێرانەوەیە. ڕێژیمە حاکمەکان لە ئێران بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەکانی ئێرانیان داوە و هەمووکات ڕێگەیان لە چالاکی و بەشداریی سیاسیی ئەم نەتەوانە گرتووە، بۆیە ناوەبەناوە دەبینین کە گەلانی ئێران لە وەها دەرفەتگەلێک بۆ دەربڕینی بێزاریی خۆیان لەو سیاسەتە کەڵک وەردەگرن.