کێشە دروست کردنی مەئموورانی شارەداریی بانە بۆ دەسفرۆشەکان

13:48 - 9 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرین بوونەوەی ڕەوتی هەژاری و بێکاری لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بووەتە هۆی زیاتر پەرەسەندنی دەسفرۆشی لە شارەکان و دەسفرۆشەکان لەگەڵ هەڵسووکەوتی نەشیاو مەئموورانی شارەداریی بەرەوڕوو دەبنەوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەئموورانی شارەداریی شاری بانە کێشە و گرفت لە شوێنی کاسبی کردنی هاووڵاتییانی ئەو شارە دروست کردووە.

یەکێک لە دەسفرۆشەکانی ئەو شارە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: مەئموورانی شارەداریی شەوانە پاش چۆڵ بوونی شەقام و کۆڵانەکان بە دزیەوە خەریکی تێکدانی شوێنی چەند دەسفرۆشێکن و چەندین بەردی گەورەیان هێناوە و لە شوێنی کاسبی کردنی ئەو چەند کەسەیان داناوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، چەندین هاووڵاتیی دەسفرۆش کە شوێنی کاسبی کردنەکەیان بە \"کرێ\" گرتووە و نامەی فەرمییان پێیە، بەوەشەوە مەئموورانی شارەداریی کێشەیان بۆ ساز دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەکە، هەتا ئێستا دەیان دەسفرۆش لە لایەن مەئموورانی سەدی مەعبەرەوە شوێنە گشتییەکانیان پێ فرۆشراوە و سەرەڕای سکاڵا کردنی دەسفرۆشان لەو دۆخە، شارەداریی شاری بانە هیچ وڵامێکی بە دەسفرۆشان نەداوەتەوە.