کێبڕکێی هێزە نیزامییەکان لە سنوورەکانی کوردستان بۆ ئەستاندنی گیانی کۆڵبەران

12:50 - 30 خاکەلێوه 2722

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٣٠ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئارش نووری" کوڕی بارام خەڵکی گوندی "کلاش نەهێن" و دانیشتووی شاری جوانڕۆ، بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری نەوسوود پێکرا.

پێکرانی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە کاتێکدایە کە ڕەوتی تەقەکردن لە کۆڵبەران لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە ئاسایی بووەتەوە. لە نێو هێزەکانی حکوومەتدا کێبڕکێی کوژران و بریندارکردنی کۆڵبەران هەیە.

 هێزە نیزامییەکان بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو کۆڵبەرە کردووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لەو ڕووداوەدا، گوللـە بەر سەری کەوتووە و باری تەندروستی نالەبار ڕاگەیەندراوە.

ئارش نووری بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی کرماشان کراوە و هەنووکە لە ژێرچاوەدێری پزیشکیی دایە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سلێمان ئیبراهیم ‌زادە" تەمەن ٣٧ ساڵ خەڵکی گوندی "بنووخەلەفـ"ـی شاری سەردەشت، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری "بێتووشـ"ـی ئەو شارە، گیانی لەدەست دابوو.