کۆڵبەرێکی کوردی سەردەشتی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا

10:59 - 24 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "کامران مەولانیا" کوڕی "ئیسماعیل"، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "گەوەڵانـ"ـی سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ئەو کۆڵبەرە کوردەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو داوەتە بەر دەسڕێژیی گولـلە.

"کامران مەولانیا" خێزاندار و باوکی کچێکی کەم تەمەنە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە سنووری "بلە سووری خوارێ" سەر بە شاری خۆی، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە تەقەیان لێ کراوە و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "لوقمان چوارگوشە" گیانی لەدەست دا و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی "مەنسوور چوارگوشە و مەیسەم محەممەدی"، بەتوندی بریندار بوون.