کۆڵبەرێکی کورد پاش چوار ڕۆژ برینداری گیانی لە دەست دا

21:49 - 30 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی تەقەکردن لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتەوە، هاووڵاتییکی تەمەن ٢١ ساڵە خەڵکی شاری سەڵماس گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژیپێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ، کۆڵبەری دیکەی کورد لە شاری سەڵماس سەر بە پارێزگای ورمێ بە ناوی \"دەرویش عادۆیی\" کوڕی عادڵ لە لایەن هیزە ئینتزامیییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەقەی لێدەکرێت و بەو هۆیەوە بریندار دەبێت.

ئەو کۆڵبەرە کورد پاش بریندار بوونی لە لایەن ‌هێزەکانی حکوومەتی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومینی شاری ورمێ دەکرێت و پاش چوار ڕۆژ بە برینداری لەو نەخۆشخانەیە ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕ گیانی لە دەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کورد خەڵکی گوندی \"دێلەزی\"، سەر بە ناوچەی شپیرانی شاری سەڵماس بووه کە بۆ کاری کۆڵبەری و دابینکردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی ڕووی لە ناوچەی تەرگەوەری ورمێ کردبوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی \"هێدی ئیسماعیلی\" لە نزیک گوندی \"مێرگاسە\"ـی ناوچەی ئالانی سەردەشت، دەکەوێتە بۆسەی هێزەکانی هەنگی سنووریی شاری سەردەشت و لە پشتێن بۆ سەرێ بە توندی بریندار دەبێت.

سەرەڕای بەردەوامبوونی رەوتی کوژرانی کۆڵبەران بەدەستی هێزە نیزامییەکان و مەحکووم کرانی ئەو کردەوەیەی هیزە نیزامییەکان لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، لایەنە پەیونەدیدارەکانی هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندووەو زۆر جاریش ناوەند و بەرپرسانی نیزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڕیاری تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەران دەر ئەکەن.