کۆڵبەرێکی کورد لەسنووری باشماخ گیانی لەدەست دا

15:52 - 17 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: رووداوی هاتوچۆ گیانی کۆڵبەرێکی کوردی لەبازارچەی سنووری \"باشماخ\"‌ی مەریوان، ستاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر کۆڵبەرێک بەناوی \"ئەنوەر\" خەڵکی شاری سەقز کە لەبازارچەی باشماخ سەرقاڵی کۆڵبەری بووە بەهۆی قەرەباڵغی زۆرەوە کەوتۆتە ژێر یەکێک لەماشێنە بارهەڵگرەکان و گیانی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بەمەبەستی دابین کردنی بژێوی ژیانی رووی لە کۆلبەری کردنی سەر سنوور کردبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبازارچەی سنووری باشماخەوە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، دۆخی خراب و ناستانداردی جادەکانی نزیک لە بازارچەکە و هەروەها قەرەباڵغی لەرادەبەدەر و هاتووچۆی ماشێنە بارهەڵگرەکان بە هۆکاری سەرەکیی رووداوی لەم چەشنە دێنە ئەژمار.

ئەو کۆڵبەرە کوردە رێکەوتی ١٣ی سەرماوەز تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و هەمان رۆژیش تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بازارچەی باشماخ لە ١٧ کیلۆمیتری رۆژئاوای شاری مەریوان و لەنزیک ئاوایی \"باشماخ\" هەڵکەوتووە و بەپێی وتەی بەرپرسانی ئوستانی کوردستان رۆژانە نزیک بە ٧ هەزار ماشێنی بارهەڵگر لە سنە بۆ مەریوان و باشماخەوە هاتووچۆ دەکەن.